یه‌كه‌مین كه‌شتی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی گه‌یشته توركیا
K24 – هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه، له دوای هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی ئۆكرانیا له (24ـی شوبات/ فێبرایه‌ر)، یه‌كه‌مین كه‌شتی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی له ده‌ریای ره‌شه‌وه گه‌یشته به‌نده‌ری باكووری ئیسته‌نبۆڵ.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و ئاژانسه، بڕیاره ئه‌و كه‌شتییه (درێژییه‌كه‌ی 186 مه‌تره) له‌لایه‌ن توركیا پشكنینی بۆ بكرێت، كه له باشووری ئۆدیساوه به‌ڕێكه‌وتووه و ئاڵای وڵاتی سیرالیۆنی هه‌ڵكردووه.
كه‌شتییه‌كه 26 هه‌زار تۆن گه‌نمی ئۆكرانی هه‌نارده‌ی ته‌رابلوس له باكووری لوبنان ده‌كات.
ئه‌مه یه‌كه‌مین كه‌شتییه كه له دوای رێكه‌وتنی ئیسته‌نبۆڵ (له نێوان ئۆكرانیا و رووسیا) به چاودێری توركیا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، گه‌نم ره‌وانه‌ی جیهان بكات، كه هۆكارێكی كاریگه‌ره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی دانه‌وێڵه له جیهاندا.
رۆژێك دوای رێككه‌وتنه‌كه به‌نده‌ری ئۆدیسا له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه كرایه ئامانج، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیاش له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبوو، له رێككه‌وتنه‌كه‌ی دانه‌وێڵه، كه رووسیا واژووی له‌سه‌ر كردووه، هیچ به‌ندێكی تێدا نییه، رێگری له مۆسكۆ بكات، هێرش بۆ ژێرخانی سه‌ربازیی ئۆكرانیا نه‌بات.