چین باڵیۆزی ئەمەریکای لە پەکین بانگهێشت کرد

چین هۆشداری بە ئەمەریکا داوە کە "باجی هەڵەکەی دەداتەوە"

K24 – هەولێر

چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ تایوان، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، کە باڵیۆزی ئەمەریکایان لە په‌کین بانگهێشت کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی چین، رەخنەی خۆی لە سەردانی نانسی پیلۆسی بۆ تایوان، بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا راگەیاندووە و ئاگاداریکردووەتەوە، کە "باجی هەڵەکەی دەداتەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، ئه‌مڕۆ چوارشەممە (سێی ئاب) لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی تایوان کۆبووەوە.

پیلۆسی، پلەبەرزترین بەرپرسی ئەمەیکایە کە لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا، سەردانی تایوانی کردبێت. ئەو پێیوایە سەردانەکەی دووپاتکردنەوەیە لەوەی کە پێویستە رێز لە "ئازادیی تایوان و تەواوی دیموکراسییەکان" بگیرێت.

دوای سەردانەکەی پیلۆسی بۆ تایوان، سوپای چین دووپاتیکردەوە، کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو سەردانەکە، "کردەی سەربازیی ئامانجدار" دەکات.

جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە رەخنەی چین لە سەردانەکەی نانسی پلۆسی بۆ تایوان گوتی: سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مافی خۆی بۆ ئەم سەردانە بەکارهێناوە. ئەو سەردانە، دژی سیاسەتی چینی یەکگرتوو نییە.

ئەمەریکا بە پێی سیاسەتی "چینی یەکگرتوو"، تەنیا وڵاتی چین بە رەسمی دەناسێت کە تایوان بەشێک بێت لە چین. هەڵبەت ئەمەریکا دەستەڵاتدارێتی چین بەسەر تایواندا بە رەسمی ناناسێت و دژی هەر جۆرە هەڕەشەیەکە لەسەر تایوان. بە پێی یاسای پەسندکراو کە کۆنگرێسی ئەمەریکا، واشنتن تەواوی پێداویستییە سەربازییەکان بە مەبەستی بەرگریکردن، بۆ تایوان دابین دەکات.

جۆن کێربی سەبارەت بە هەڕەشە سەربازییەکانی چین گوتی: ئەمەریکا ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی هەر کارێکە کە چین ئەنجامی بدات".