"گرووپی حەوت" خوێندنەوە بۆ دیاریکردنی نرخی نەوتی رووسیا دەکات

نرخێک دیاری دەکەن لەو ئاستە زیاتر نەوتی رووسیا فرۆشی نه‌بێت
بارهه‌ڵگرێكی نه‌وتیی رووسیا.. ئه‌رشیڤ
بارهه‌ڵگرێكی نه‌وتیی رووسیا.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

وەزیرانی دەرەوەی "گرووپی حەوت" ئاشکرایان کرد، گرووپی حەوت تاووتوێی سەرجەم بژاردەکان دەکات، تاوەکو رووسیا سوودمەند نەبێت لە بەرزی نرخی وزە، لە نێویشیاندا دیاریکردنی نرخی نەوت، واتە ئاستێک بۆ کڕیاران دیاریبکرێت لەو ئاستە زیاتر نرخی نەوت نەکڕن.

ئەو وەزیرانە لە لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردووەتەوە، تاووتوێی قەدەغەکردنی سەرجەم ئەو خزمەتگوزارییانە دەکەن، کە هاوکارە لە گواستنەوەی نەوتی خاوی رووسیا لە رێگەی دەریا و بەرهەمە نەوتییەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا. بۆ کڕینی نەوتی رووسیاش لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیان نرخێک دیاری دەکەن، کە لەو ئاستە زیاتر نەوت رووسیا نەکڕدرێت.

وڵاتانی "گرووپی حەوت" هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە، تاوەکو ئەو کورتهێنانەی لە بازاڕی وزە دروست بووە، پڕیبکەنەوە و نرخەکی دابەزێت، لە هەمان کاتدا پابەند بن بە پەیماننامەکانی تایبەت بە کەشوهەوا، لەگه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دەیانەوێت رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە سزا بدەن.

گرووپی حەوت لە وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکان پێکهاتووە، کە بریتین لە (کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمه‌ریکا).