وەزارەتی شارەوانی: نزیکەی یەک ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویی کۆیە خەرجدەکرێت

"ئەو بڕە پارەیە بە نەختینە و بە قۆناغ خەرج دەكرێت"
كۆیه‌
كۆیه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی یەک ملیار دینار، بۆ چارەسەری کێشەی وشکە ساڵی و کەمئاوی لە قەزای کۆیە خەرجدەکرێت.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانیدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە (3ی ئابی 2022) بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە: "رەزامەندی دراوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 999 ملیۆن و 821 هه‌زار و 180 دینار، بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی و چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە قەزای كۆیە و دەوروبەری".

ئاماژە بەوەشدراوە، رەزامەندی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، بە فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیران بووە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2022 پارەکە دابیندەکرێت، پارەکە بە شێوەی نەختینە و بە قۆناغ خەرجدەکرێت.

قەزای کۆیە، یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای هەولێر و 70 کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی پارێزگاکەوە دوورە، ئەو قەزایە پێکهاتووە لە ناحییەکانی (شۆڕش، سکتان، ئاشتی، سێگردکان و تەقتەق) و لە ساڵی 1918ـەوە کراوە بە قەزا و چەندین شوێنەواری گرنگی تێیدایە، کە بریتین لە (قەڵای شیلە، جل بەسەر، قازبەگی، ساتوو قەڵا، گۆكتەپە، شێخەلوان، سكتان، حەمامۆك، قەیسەری، خان، تاقی كۆن و مزگەوتی گەورە).