رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: ئەرشیفکردنی بەڵگەنامه‌ی رفێندراوانی ئێزدی ته‌واوبووه‌

"حکومەتی هەرێم بۆ دەستگەیشتن بە بەڵگەی تاوانەکانی داعش هاوکاری یونیتادی کردووە"
دێمه‌نێكی كاتی ئاواره‌بوونی ئێزدییه‌كان.. ئه‌رشیڤ
دێمه‌نێكی كاتی ئاواره‌بوونی ئێزدییه‌كان.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، نووسینگەكه‌یان راسپێردراوە بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و لەسەر هێڵن و تا ئێستا چەندان بەڵگەی پەیوەندیدار بە تیمی یونیتاد دراوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە دواین هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ بەرپرسیارکردنی تیرۆرستانی داعش بە ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی و هاوكاری یونیتادی كردووه‌ و به‌ڵگه‌ی تاوانه‌كانی داعشی راده‌ستكردوون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 21/8/2014 بڕیاری ژمارە (5170) ی دەرکردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەئێزیدییەکان کراوە. لیژنەکەش لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاری بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو کەیسە کردووە و هەوڵیداوە ئازارەکانیان بگەیەنێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

گوتیشی: لیژنەی ناوبراو لە کابینەی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا چالاکبووه‌تەوە و بەردەوام ده‌بێت لە رەخساندنی زەمینە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا و گەیاندنی تیرۆریستانی داعش بە سزای یاسایی.

لە بارەی پڕۆسەی ئەرشیڤکردنی بەڵگەکان و دروستکردنی کەیسی یاسایی، روونیشكرده‌وه‌، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، حکومەتی هەرێم دۆسیەی هەزاران رفێندراوی ئێزیدی بەدۆکیۆمێنت کردووە، ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکانی رفێندراوانی ئێزدی لە 1ی کانوونی دووەمی 2021 دەستیپێکردووە و لە 3ی نیسانی 2022 کۆتایی پێهاتووە.

راشیگه‌یاند، بە درێژایی ئەم ماوەیە، 3 هه‌زار و 543 کەیس، كه‌ له‌ 5 هه‌زار و 393 لاپەڕە پێكهاتووه‌، ئەرشیف کراوە، جگە لەوەش پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە 2 هەزار و 234 قوربانی کراوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی له‌وه‌ كرد، بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد کردووە و لە رێگەی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چارەسەرکردنیان (CIGE) لە ئەرشیفکردنی ئەلیکترۆنیانەی زیاتر لە 73 هەزار و 912 لاپەڕە بەڵگە بۆ ئەو تاوانانە سه‌ركه‌وتوو بووه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد، 4 هەزار و 206 دۆسیە وەک سکاڵا پێشکەش بە دادگاکان دەکرێت. لە نێویاندا لە ئێستادا هەزار و 778 کەیس یەکلایی کراونەتەوە و دوو هەزار و 428 کەیسیش لە پڕۆسەی  ئامادەکردندان.

لە درێژەی قسەکانیدا، زێباری گوتی: حکومەتی هەرێم هەوڵی بێوچانی داوە بۆ ئازادکردنی رفێندراوەکان، بۆیە لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی رفێنراوەکان و بودجەیەکی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کرد، تا مانگی تەمموزی رابردوو، 3 هه‌زار و 554 کەس رزگارکراون، لەو ژمارەیەش 1207 کەسیان ژنن، 339 کەسیان پیاون، 1051 کەسیان منداڵی مێینە و 957 کەسیان منداڵی نێرن. جگە لەوەش تا ئێستا 2 هەزار و 717 کەس بێسەروشوێنن.

ئاشكراشی كرد، دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرت و زانیاری فراوانیان پەیوەست بە سەرکردایەتی داعش و سەرچاوە داراییەکانیان بۆ یونیتاد دابین کردووە، تا ئەوانیش لێکۆڵینەوە یاساییەکانیان دەستپێبکەن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی گوتیشی: وەک بەشێک لە پڕۆژەی بە ئەلیکتڕۆنیکردن، حوکمەتی هەرێم هاوکاری یونیتادی کردووە لە دەستگەیشتن بە هەموو ئەرشیفێکی بەڵگەداری پەیوەست بە تاوانەکانی داعش، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە و پارێزراوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پابەندبوونی عێراق بە بڕیاری ژمارە 2379ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگایی کردنی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی.

لە کۆتایی قسەکانیدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، وەک قەرەبوویەکی بچووک لە دەستپێک، پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەرانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیكه‌ زامن بکرێت، کە بەهۆی دەستدرێژیە تیرۆریستییەکان و ئەو هەڕەشانەی لە بەردەمیان کراوە، ناچارکراون کۆچ بکەن.

جه‌ختی له‌وه‌ش كردوه‌، پێویستە زاڵبین بەسەر ئاستەنگە سیاسی و ئیدارییەکان، کە رێگری لە بەرجەستەکردنی دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیان دەکات. هاوکات، خێراکردنی پێکهێنانی ئیدارە لە شەنگال و بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و دابینکردنی یارمەتی ماددی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ گەڕانەوەیان لە کەمپەکانی ئاوارەییەوە بۆ زێدی ڕەسەنیان.

هەشت ساڵ پێش ئێستا ئێزدییەکان بەشێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکران و ناچارکران ماڵ و حاڵیان چۆڵ بکەن، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی توندیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ئێزدییەکان لێی نیشتەجێبوون، کردەوە تیرۆریستییەکان بوونە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لەدانیشتووانی ئەو ناوچانە، دواتر بۆ پاراستنی گیانیان و بنیاتنانی هیوایەک، بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵکشان و تا ئێستاش زۆربه‌یان له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان ماونه‌ته‌وه‌.