باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکات

ئێستاش نزیکەی ٣٢٥ هەزار ئێزدی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و سەرووی ١٠٠ هەزار ئێزدیش ئاوارەی وڵاتانی دیکە بوونە
ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق
ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق

K24 – هەولێر

ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق، داوای لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد، رێککەوتننامەی شنگال و یاسای رزگاربوونی ئێزدییەکان لە دەستی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، جێبەجێ بکەن.

رۆمانۆوسکی، لە تویتێکدا پابەندبوونی ئەمەریکای بۆ دڵنیابوون لەوەی هەرگیز جاریکی دیکە داعش ئایدیۆلۆجیای پڕ لە رق و کینەی خۆی دووبارە ناسەپێنێتەوە، دووپات کردەوە و نووسی: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێککەوتننامەی شنگال و یاسای رزگاربوونی ئێزدییەکان لە داعش، جێبەجێ بکەن.

ئەمڕۆ (چوارشەممە، سێی ئاب)، هەشت ساڵ بەسەر داگیرکردنی شنگال لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و جینۆسایدی ئێزدیان، تێپەڕی.

دەستەڵاتدارێتی داعش بەسەر شنگالدا زۆری نەخایاند و لە رۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، شنگالی لە دەست چەكدارانی داعش رزگار كرد.

میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیان، لە هەشت ساڵەی داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، گلەیی لە حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە و دەڵێت: بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە ئێزدیان بەجێ نەگەیاندووە.

میری ئێزدیان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: داعش نەماوە و سەرەڕای ئەوەش، هەشت ساڵە خەڵکی ئێمە لە ژێر خێمەدا دەژین. خەڵکی ئێمە ئاوارە و پەرتەوازەبوونە و تا ئەمڕۆش فەرمان لەسەر خەڵکەکەمان بەردەوامە.

میر حازم تەحسین بەگ، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق، حکومەتی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، کێشەی شنگال و دانیشتووانی چارەسەر بکەن.