موقته‌دا سه‌در: داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئەنجوومەنی نوێنه‌ران و ئەنجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، په‌یامێكی ئاراسته‌ی مانگرتووانی ره‌وته‌كه‌ی و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق كرد.
له په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌در رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ی ئێستا رووده‌دات ململانێیه له سه‌ر ده‌سه‌ڵات و تا ئێستا بڕیارم نه‌داوه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ین.
وتیشی: ویستمان زۆرینه‌ی نیشتمانی به‌ده‌ست بهێنین، به‌ڵام به‌شێك له لایه‌نه‌كان په‌كیان خست.
ئێمه دژی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نین، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئێمه بكوژن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له تۆماره ده‌نگییه‌كان هاتووه، ئێمه له خۆشه‌ویستی نیشتمان و گه‌له‌وه داوای هیدایه‌تیان بۆ ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها وتی: گفتوگۆمان له‌گه‌ڵیان تاقیكرده‌وه، بینیمان وڵات چی لێهات، وێرانكاری به‌دوادا هات، دوای ئه‌وه‌ی گه‌ل قسه‌ی خۆی كرد، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه سوودیان نابێت.
وتیشی: رازی نابم به خوێنڕشتن به هیچ شێوه‌یه‌ك، به‌ڵام چاكسازی به قوربانیدان ده‌بێت، ئاماده‌م شه‌هید بم له پێناو چاكسازی و رزگاری گه‌ل و نیشتمان.
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌در رایگه‌یاند، ئه‌ی خه‌ڵكی عێراق ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری و چاكسازیتان ده‌وێت، من چاوه‌ڕێتان ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌م واقیعه‌شتان ده‌وێت، ئه‌وه بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وتیشی: ئێمه چاكسازیمان له ره‌وتی سه‌دره‌وه ده‌ستپێكردووه. له ره‌وتی سه‌در پیاوانی سه‌رسه‌خت هه‌ن له رووی ئاماده‌یی و ژماره‌وه بۆ قوربانیدان.
ئه‌وه‌یشی وت: بۆ ئه‌وه‌ی سوودێكی ئاسمانی و پشتیوانی خودا بۆ هه‌مووان بێت، دڵنیام زۆرینه‌ی گه‌ل له‌م چینه ده‌سه‌ڵاتداره پڕ بووه، ئێمه‌ش پێیان ناڕازین، ده‌موچاوه كۆنه‌كان هیچ بوونێكیان نابێت.
له رێگه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتی ئاشتیخوازانه‌ی شۆڕشگێڕانه‌وه داوای چاكسازی ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ی نوێنه‌ران و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته.