بۆ یه‌كه‌مجار له‌ پرێمه‌رلیگ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی نوێ ده‌كرێت

كریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاری ماگوایه‌ر
كریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاری ماگوایه‌ر

رۆژی هەینی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ بە کۆمەڵێک یاسای نوێوەوە دەستپێدەکات، چەند نەریتێکی خولەکە بۆ یەکەمجار دەگۆڕدرێن.

لەوانەیە زۆربەی هەوادارانی خولەکە درکیان پێ نەکردبێت کە ساڵانێکی زۆرە یارییەکانی پرێمەرلیگ بە یەک تۆپ بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە وەرزی نوێوە لە هەر لایەکی یاریگاکان ١٠ تۆپ دادەنرێت بۆ ئەوەی رێگا لە بەفیڕۆدانی کات بگیرێت.

لە یارییەکانی وەرزی داهاتوو جگە لە ناوبژیوان هیچ کەسی دیکە بۆی نییە تیروپشکی پێش دەستپێکی یارییەکان بۆ هەردوو کاپتنی یانەکان رابکێشێت، بوکەڵەکانی ناو یاریگا و منداڵان و هیچ کەسێک بۆی نییە تیروپشکی پێش یارییەکە لەجیاتی ناوبژیوان رابکێشێت.

نەریتی وەستانی یاریزانان لەسەر ئەژنۆ لەپێش یارییەکان هەڵدەوەشێنرێتەوە و جگە لە یارییە کۆتاییەکان و هەفتەی بەگژداچوونەوەی دیاردەی رەگەزپەرستی یاریزانان پێش دەستپێکی یارییەکان ناکەونە سەر ئەژنۆیەکانیان.

لە وەرزی نوێ لە لە دەستپێکی خولەکەوە رێگا بە پێنج گۆڕانکاریی دەدرێت و لە هەر یارییەک یانەکان دەتوانن لەجیاتی سێ گۆڕانکاریی، پێنج گۆڕانکاری ئەنجام بدەن کە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەیەک بڕیاردرا رێگا بدرێت هەر تیپێک لە یارییەکان پێنج گۆڕانکاریی بکات و دواتر ئەم یاسایە هەڵوەشێنرایەوە.

بەرپرسانی پرێمەرلیگ بە زۆرینەی دەنگ لەگەڵ یانەکان بڕیاریان داوە وەرزی داهاتوو تۆماری دەنگی نێوان ناوبژیوانی سەرەکی و ناوبژیوانی سیستەمی ڤار بڵاو بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەوادارانی یانەکان ئاگاداری گفتوگۆیەکانی نێوان ناوبژیوانی ناو یاریگا و ناوبژیوانی ڤار بن.

سەرپەرشتیارانی پرێمەرلیگ بڕیاریشیان داوە دوای بۆکسینگ دەی لە رۆژانی ٢٨ـی دیسێمبەر تاکو رۆژی یەکەمی سەری ساڵی نوێ هیچ یارییەک لە خولەکە بەڕێوە نەچێت.

ئارنۆڵد به‌رگریكاری لیڤه‌رپوول و هالاند هێرشبه‌ری مان سیتی
ئارنۆڵد به‌رگریكاری لیڤه‌رپوول و هالاند هێرشبه‌ری مان سیتی