عه‌بادی په‌یامه‌كه‌ی سه‌دری به‌رزنرخاند

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر

K24 – هه‌ولێر:

دوای ئه‌وه‌ی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، ئه‌مشه‌و گوتارێكی له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراق پێشكه‌شكرد، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر پێشوازی له‌ په‌یامه‌كانی كرد و هه‌نگاوه‌كانی سه‌دریشی به‌رز نرخاند.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر گوتی: "پێشوازی له‌ گوتاره‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در ده‌كه‌م، كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانمان یه‌كده‌گرێته‌وه‌".

عه‌بادی هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "هه‌نگاوه‌كانی موقته‌دا سه‌در له‌پێناو پاراستنی خوێنی عێراقییه‌كان و چاكسازی، به‌رز ده‌نرخێنم".

گوتیشی: "داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م، ده‌ست له‌ناو ده‌ست خزمه‌تی گه‌ل و پڕۆسه‌ی چاكسازی بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ی پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و دیموكراتی، پشتیوانی له‌ وڵاتی ده‌ستوور بكه‌ن".

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، ئه‌مشه‌و په‌یامێكی ئاراسته‌ی مانگرتووانی ره‌وته‌كه‌ی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كرد، تێیدا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ی ئێستا رووده‌دات، ململانێیه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات.

سه‌در گوتیشی: "گفتوگۆمان له‌گه‌ڵیان تاقیكرده‌وه‌، بینیمان وڵات چی لێهات،  وێرانكاری به‌دوادا هات، دوای ئه‌وه‌ی گه‌ل قسه‌ی خۆی كرد، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ سوودیان نابێت".