چین "گەورەترین" نمایشی سەربازی لە دەوروبەری تایوان دەستپێکرد

"تووڕەیی چین نابێتە هۆی ئەوەی سەرکردەکانی جیهان سەردانی تایوان نەکەن"
هێما سوورەکان، ئەو شوێنانەن کە نمایشی سەربازیی سوپای چینی لێدەکرێت
هێما سوورەکان، ئەو شوێنانەن کە نمایشی سەربازیی سوپای چینی لێدەکرێت

K24 – هەولێر

چەند کاتژمێرێک دوای جێهێشتنی خاکی تایوان لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە، پەکین "گەورەترین" نمایشی سەربازی لە نزیک تایوان دەستپێکرد.

نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، رۆژی چوارشەممە (سێی ئاب) خاکی تایوانی جێهێشت و سەردانی کۆریای باشووری کرد.

پیلۆسی، لە میانەی سەردانیدا بۆ تایوان، ستایشی دیموکراسی لەو وڵاتە کرد و وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتگیری ئەمەریکا لە تایوان، رایگەیاند، "تووڕەیی چین نابێتە هۆی ئەوەی سەرکردەکانی جیهان سەردانی ئەو دووڕگەیە نەکەن".

چین بەو سەردانەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران تووڕە بوو، هەر بۆیە باڵیۆزی ئەمەریکای لە پەکین بانگهیشت کرد، نمایشی سەربازی بۆ ماوەی چەند رۆژ نزیک لە تایوان دەستپێکرد و هاوردەکردنی چەندین بەرهەمی ئەو وڵاتەی، قەدەغە کرد.

بە پێی بەیاننامەی وەزارەت بەرگری تایوان، بەشێک لە نمایشە سەربازییەکانی چین لە ناو سنووری ئاسمانی و ئاویی تایوان کراون.