ئۆپێک پڵەس ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی ئەیلوول بەرزدەکاتەوە

پشکی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی عێراق 12 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە

K24 - هەولێر:

هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە دوایین کۆبوونەوەیان رێککەوتن ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبکەنەوە، لەو بڕەشدا پشکی عێراق بە 12 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیاریکراوە بۆ ئەوەی لە مانگی داهاتوو بەرزی بکاتەوە.

بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی ئۆپێک، پشکی بەرهەمهێنانی عێراق بۆ مانگی ئەیلوول بە 4 ملیۆن و 663 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیاریکراوە، کە ئەوەش بەراورد بە مانگی ئاب 12 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاترە کە بە 4 ملیۆن و 651 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیاریکرابوو.

هاوکات بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە و رووسیا بە 11 ملیۆن و 30 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیاریکراوە کە بەراورد بە مانگی ئاب 26 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادکراوە.

لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لایەنەکان رێککەوتن بە زیادکردنی 64 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە لایەن رێکخراوی ئۆپێک و 36 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە لایەن هاوپەیمانی دەرەوەی رێکخراوەکە.