ئەمڕۆ 54 ئەفسەر و كارمەندی كورد دادگایی دەكرێن

بەهۆی بەشداریکردنیان لە ریفراندۆمی کوردستان
پۆلیسی کەرکووک، وێنە: kirkuknow
پۆلیسی کەرکووک، وێنە: kirkuknow

K24 - كەركووك:

دادگای سەربازی موسڵ دانیشتنێكی دیكەی دادگاییكردنی ژمارەیەك ئەفسەری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك كە بەشدارییان لە پڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017 لە كەركووك كردبوو سازدەكات.

لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركووك بە كوردستان24ی راگەیاند، كەیسی دادگاییكردنی ئەو ئەفسەرانە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لەلایەن دادگای سەربازییەوە بەڕێوە دەبرێت. هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ئەفسەرانە بەشدارییان لە پڕۆسەی ریفراندۆم كردووە كە بەپێی یاسا نابێت هێزی ئەمنی بەشداربن لە هەر پڕۆسە و ململانێیەك كە دەوڵەت پشتگیری نەكات و ئەوانش ئەركەكانییان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقە و لەگەڵ پڕۆسەكە نەبووە.

فەرماندەی پۆلیسی کەرکووك گوتیشی: بۆ كارئاسانی و هاتووچۆنەكردنی ئەو ئەفسەرە كوردانە  لەسەر داوای ئێمە دادگاییكردنەكە لە موسڵەوە بۆ كەركووك گواستراوەتەوە و هەفتانە دوو رۆژ لیژنەیەك دێتە كەركووك بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە.

لیوا كاوە غەریب گەشبینی خۆیی نیشاندا بەوەی كەیسەكە لە قازانجی ئەو ئەفسەرانە كۆتایی دێت و هەوڵیانداوە لە بابەتەکەدا نەرمی بنوێنن، ئەو ئەفسەر و كارمەندانە بەپێی ماددەی 29ی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەكرێن و كەیسەكەیان گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی.