پارتی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق: هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستمان دەکەین

"وێنەی روونی عێراقمان لێ دیار نییە"
جەعفەر ئیمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
جەعفەر ئیمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر

جەعفەر ئیمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی عێراق و داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، رایگەیاند کە "هەڵسەنگاندن بۆ دۆخ و هەڵوێستمان دەکەین".

جەعفەر ئیمینکی، لە کاتی بەرێوەچوونی چواردەیەمین کۆنفڕانسی بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش، بۆ کوردستان٢٤ قسەی کرد و گوتی: وێنەی روونی عێراقمان لێ دیار نییە. ئێمە پێمان باش بوو حکومەت پێکبێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و هەڵسەنگاندان بۆ هەڵوێستمان دەکەین.

رۆژی سێی ئاب، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.

سەدر لە گوتارەکەیدا گوتی: له‌ رێگه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتی ئاشتیخوازانه‌ی شۆڕشگێڕانه‌وه‌ داوای چاكسازی ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئێستا و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌.

زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و تەنانەت بەشیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، پشتگیریان لەو داوایەی موقتەدا سەدر کردووە.

هەر ئەمڕۆ (پێنجشەممە، چواری ئاب) فازڵ میرانی، لە چلەی ماتەمینی شەفیق زراری کارگێڕی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق قسەی کرد، بەڵام هەڵوێستی روونی پارتەکەی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشکرا نەکرد، تەنیا دووپاتی کردەوە کە "هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئاسان نییە".

تا ئێستا چەندین لایەن و سەرکردەی عێراقی داوایانکردووە لایەنەکان بۆ چارەکردنی کێشەکان لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و لەو پێاوەدا گفتوگۆی جددی بکەن.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قسەکانی ئەمڕۆیدا گوتی: هەموو لایەنە عێراقییەکان چاویان لە سەرۆک بارزانییە".