چواردەیەمین کۆنگرەی بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش بەڕێوە دەچێت

لەو کۆنگرەیەدا ئەندامانی دەستەی باڵا و سەرۆکی بنکە هەڵدەبژێردرێن

K24 – هەولێر

چواردەیەمین کۆنگرەی بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوە دەچێت. لەو کۆنگرەیەدا ئەندامانی دەستەی باڵا و سەرۆکی بنکە هەڵدەبژێردرێن.

ساڵی 2013 دواکۆنگرەی بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش بەڕێوەچوو و ئەمڕۆش (پێنجشەممە، چواری ئاب) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و رۆشنبیرانی ئێزدی، چواردەیەمین کۆنگرە بەڕێوە دەچێت.

ئەو بنکەیە ساڵی 1993 دامەرزا و ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار ئەندامی هەیە و دوای ساڵی 2003، لقی لە شنگال و سنونێ کردەوە.

سەعید جردۆ، یەک لە کاندیدە بەهێزەکانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی بنکەی لالش.

ئەو بە کوردستان 24ی گوت: ئەو بنکەیە وەک یەکەم سازی و دەستگەی ئێزدیان، بەرهەمی خوێنی شەهیدانی کوردستانە.

ئامانج و ستراتیژی بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش، کۆکردنەوە و بەدۆکیۆمێنتکردنی بەیت و نووسین و رێورەسمی ئێزدیانە بە مەبەستی راستکردنەوەی ئەو هەڵە مێژوویانەی بەرامبەر بە ئێزدی و ئێزیدناسیدا گوتراوە.

سەعید جردۆ، رایگەیاند: دەمانەوێت دۆخی ناوچەکانمان ئاسایی و خەڵکەکەشمان قەرەبوو بکرێنەوە. ئامانجمان ئەوەیە پێکەوەژیان قوولتر بکەین و ئەو خەڵکانەمان کە ئاوارەبوونە، بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان و ئاوەدانی بکەنەوە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەستپێکی چواردەیەمین کۆنگرەی بنکەی رۆشنبیری لالش ئامادەبوو و دووپاتی کردەوە کە "بنکەی لالش بە کردار دروشمی خۆی جێبەجێ کردووە".

وەزیری ناوخۆ گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: کۆمەڵگەی ئێزدی، هەمیشە بەشێکی رەسەن بووە لە کۆمەڵگەی گەورەی کوردستان.