پیلۆسی: ئه‌مه‌ریكا رێگه نادات چین تایوان داببڕێت
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، نانسی پیلۆسی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، كه ئه‌مڕۆ له تۆكیۆ رێكیخست رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به چین نادات، تایوان داببڕێت.
له سێشه‌ممه و چوارشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی تایوانی كرد، ئه‌و هه‌نگاوه، تووڕه‌یی چینی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
تایوان 23 ملیۆن دانیشتووی هه‌یه و ده‌سه‌ڵاتێكی خۆبه‌ڕێوبه‌ری هه‌یه و چین رای وایه، تایوان به‌شێكی دانه‌بڕاوه له خاكی نیشتمانی دایك.
پیلۆسی، كه ئێستا له ژاپۆنه وتی: چینییه‌كان به بیانووی سه‌ردانی ئێمه بۆ تایوان خه‌ریكی هه‌راسانكردنی تایوانن.
وتیشی: چین ده‌یه‌وێت تایوان داببڕێت، هه‌ر بۆ نموونه به‌هاری ئه‌مساڵ ئه‌مه‌ریكا داوایكرد رێگه به تایوان بدرێت له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ته‌ندرووستی جیهانی به‌شداری بكات، به‌ڵام چین نه‌یهێشت.
هه‌روه‌ها وتی: چینییه‌كان ناتوانن بڕیار له باره‌ی جووڵه و سه‌ردانی ئێمه‌وه بده‌ن.
روونیشیكرده‌وه، له سه‌ره‌تاوه رامانگه‌یاندووه، ئه‌و سه‌ردانه‌ی ئێمه بۆ تایوان ئامانجی ئه‌وه نییه ره‌وشی ئێستای ئاسایا یان ئه‌و ره‌وشه‌ی له تایوان هه‌یه بیگۆڕێت.
له 1979ه‌وه ئه‌مه‌ریكا دانی به‌وه‌دا ناوه یه‌ك حكومه‌تی چینی هه‌یه، ئه‌ویش حكومه‌تی په‌كینه، به‌ڵام به‌رده‌وامیشه له هاوكاریكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی تایوان، به تایبه‌تی له رووی چه‌كه‌وه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس