سه‌در و پلاسخارت كۆده‌بنه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، وا بڕیاره ئه‌مڕۆ هه‌ینی، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق و رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، كۆببنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا عێراقییه‌كان، جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 5ـی ئاب/ئۆگێستی 2022) بۆ بینینی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، گه‌یشتووه‌ته پارێزگای نه‌جه‌ف.
وا بڕیاره پلاسخارت و سه‌در، له حه‌نانه باره‌گای سه‌ره‌كی موقته‌دا سه‌در كۆببنه‌وه و گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراق و پێشهاته‌كان بكه‌ن.
پتر له 300 رۆژه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق به‌ڕێوه‌چووه، تا ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌م وڵاته نه‌یانتوانیووه حكومه‌ت و سه‌رۆككۆماری نوێ دیاریبكه‌ن، دۆخه‌كه چووه‌ته قۆناغی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی.