پۆلیسی کۆریای باشوور لێکۆڵینەوە لەگەڵ هاووڵاتییەکی عێراقی دەکات

لە پایتەختی ئەو وڵاتە بڕێکی زۆر دۆلار و یۆرۆی فڕێداوە
پۆلیسی کۆریای باشوور
پۆلیسی کۆریای باشوور

K24 - هەولێر:

پۆلیسی کۆریای باشوور لێکۆڵینەوە لە پیاوێکی عێراقی دەکات، کە بڕێکی زۆر دۆلار و یۆرۆی لەسەر شەقامێکی باکووری سیئۆل فڕێداوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی یۆنهاپی کۆری، پیاوە عێراقییەکە لە سییەکانی تەمەنیدایە و لە شەقامێکی گەڕەکی (نوون) لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، بڕێکی زۆر یۆرۆ، دۆلار و وۆنی کۆری فڕێداوە، بڕی پارەکە نزیکەی 22 ملیۆن وۆن (16،930 دۆلار)ـە.

بەگوتەی شایەتحاڵەكان، ئەو كەسە ویستوویەتی پارەكە بداتە رێبوارێك و پێێ گووتوە "من پارەیەكی زۆرم هەیە"، بەڵام ئەو رێبوارەکە رەتیكردووەتەوە پارەکەی لێوەربگرێت، بۆیە پیاوە عێراقییەكە دەستیكردووە بەفڕێدانی دراوەكان.

پاش فڕێدانی پارەکە، پیاوەکە شوێنەکەی بەجێهێشتووە و دواتر بە پۆلیسی راگەیاندووە، پارەکەی لەدەستداوە، ئاژانسەکە باسی لەوەشکرد، لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوتووە، هیچ تاوانێك رووینەداوە، هەروەها پشکنینی ماددە هۆشبەرەکان بۆ هاووڵاتییە عێراقییەکە کراوە و ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بووە. 

بەرپرسێکی پۆلیسی سیئۆل بە ئاژانسەکەی راگەیاند، دوای دڵنیابوون لەوەی پیاوەکە لەڕووی دەروونییەوە ناجێگیرە، ئێستا پۆلیس بەدوای ئەندامانی خێزان یان هاوڕێیەکانیدا دەگەڕێت تاوەکو کەسەکەیان رادەستبکاتەوە. ئەو بەرپرسە گوتیشی، "سەرجەم ئەو دراوانەی ئەو پیاوە فڕێیداوە وەرگیراوەتەوە، کاتێک رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە پارەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە".