بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی: 100 مووشەکمان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە

لە کەرتی غەززەوە مووشەک ئاراستەی تەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکەی ئیسرائیل دەکرێت
کەرتی غەززە، وێنە: AFP
کەرتی غەززە، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی رایگەیاند، لە کەرتی غەززەوە 100 مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین لە غەززە، ئێوارەی ئەمڕۆ چەند مووشەکێکیان ئاراستەی شارۆچکەکانی باشووری ئیسرائیل کرد، وەك کاردانەوەیەک بەرامبەر بە کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و خەڵکی سڤیل لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا.

سوپای ئیسرائیلیش لەلای خۆیەوە رایگەیاند، لە دوو شارۆچکەی ئیسرائیل کە دەکەونە باکووری کەرتی غەززە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە بڵاویکردەوە، لە ئاکامی بۆردومانی سوپای ئیسرائیل، 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، "لەنێویشیاندا کچێکی تەمەن پێنج ساڵان گیانی لەدەستداوە، زیاتر لە 55 کەسیش برینداربوون".

پێشتریش بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر کەرتی غەززە و چەندین تاوانی نوێی ئەنجامداوە و "دەبێت باجەکەی بدات".