ئەمهریکا بۆ شاندی وهزارهتی پێشمهرگه: هەولێر پێگەیەکی گرنگی هەیە

K24 - ههولێر:
شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەمهریکا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و کۆنگرێس و کۆشکی سپی کۆبووەوە. شاندەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا چووەتە واشنتن.
جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمهریکا گوتی: جموجوڵی داعش هێشتا ماوە و هاوکارییەکانمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن. وەزیری پێشمەرگەش دەڵێت: ئەمهریکا و وڵاتانی ئەوروپا پێداگری لەسەر چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی هێزێکی کوردستانی دەکەنەوە.
شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە هەفتەیەکە لە ئەمهریکایە، شاندەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی بەرگری، و کۆنگرێسیان کردووە، بڕیارە سەردانی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپیش بکەن.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن بە ناوی سەرۆکی هەرێمی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی گەل و حکومەتی ئەمهریکا و کۆمپانیا ئەمریکیەکان دەکات، کە لە دۆخە سەختەکاندا دۆست و پشتیوانی راستەقینەی هەرێمی کوردستانن و ئامادەنین پشت لە هاوپەیمانی راستەقینەیان لەناوچەکە بکەن.
پەیوەندییەکانمان سەربازی و ئابووری و کولتوورین
بەیان سامی عەبدورەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن گوتی: شانازی دەکەین بە هاوکاری ئەمهریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، پێشمەرگە سەربەرزەکانمان لە سنوورێکی هەزار کیلۆمەتری بەرگرییان کرد، کە هێڵی بەرگری لە داعش هەبوو. بەهۆیەوە کوردستان بووە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو ئەوانەی لە دەست تیرۆر و تۆقین لە ناوچەکانیان هەڵدەهاتن.
گوتیشی: بەناوی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانییەوە سوپاسی هەموو ئەو ئەمهریکیانە دهکەم، كه ئەو هاوکارییەیان گەیاندە هەرێمی کوردستان، هەر لە گەلی ئەمهریکاوە تا وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس و کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری. پەیوەندییەکانمان جیا لە سەربازی، ئابووری و کولتوورین. سوپاسی ژووری بازرگانی و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەین، لە شەری داعشەوە تا ئێستا و سەرەڕای قەیران و کێشە و ئاڵنگارییە جیاوازەکان هێشتا لە هەرێمی کوردستانن.
پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە
وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، شەری دژی داعش کۆتایی نەهاتووە و پێکەوە لەگەڵ ئەمهریکا و هاوپەیمانەکانمان شەری پاشماوەکانی داعش دەکەین. پرۆسەی چاکسازیش لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە گوتی: هاوبەشییەکی ستراتیژیمان پێکەوە هەیە، پێشمەرگە، سوپای عێراق، ئەمهریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکەوە خەلافەتە ساختەکەی داعشمان تێکشکاند. بۆچی ئەم هاوپەیمانییەمان هێشتا گرنگە؟ چونکە شەری دژی داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە. بە هاوکاری ئەمهریکا و هاوپەیمانەکانی لە شەری دژی پاشماوەکانی داعش بەردەوامین لەوەش گرنگتر لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامین.
هاوپەیمانێتیی نێوان ئهمهریكا و هێزی پێشمەرگە درێژخایەن و پێویستە
جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمهریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بەڵێنی بەردەوامی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ پێشمەرگە دەدات و دەڵێت یەکێک لەو دەستکەوتانەی دەکرێت هەموومان شانازی پێوە بکەین، پرۆسەی چاکسازی پرۆفێشناڵی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
دەینا سترۆڵ، جێگری یاریدەدهری وەزیری بەرگری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: یەکەم سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەو کاتە بۆب گەیتس بوو، ئەوکات لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوویەوە، لەوکاتەوە من لە گرنگی پەیوەندی نێوان ئەمهریکا و کوردستان تێگەیشتم.
گوتیشی: هاوپەیمانێتیی نێوان هێزەکانی ئێمە و هێزی پێشمەرگە درێژخایەن و پێویستە، لەسەر بنەمای دژایەتییکردنی دیکتاتۆریەت و تیرۆریزمە. تێبینیم کردووە وەزیرانی بەرگریی ئەمهریکا بەردەوام سەردانی هەولێر دەکەن، چونکە لە گرینگی هاوپەیمانێتیی نێوان پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان تێدەگەن.
ئاماژهی بهوهش كرد، هەرچەندە داعش ئێستا خاکێکی ئەوتۆی لەبەردەست نییە، بەڵام توانای کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا ماوە، هەر بۆیە ئەمهریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی پیشمەرگە و هاوپەیمانەکانی. لە دەستکەوتەکانی دیكهی وەزارەتی پیشمەرگە هەوڵی چاکسازییە بۆ پرۆفیشناڵکردنی هێزی پێشمەرگەیە و هەروەها هەوڵدانە بۆ دابینکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ سەرکەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە لە درێژمەودادا.
سەلوان شنگالی، باڵیۆزی عێراق لە واشنتن یەکێکی دیکە بوو لەو دیپلۆماتکارانەی لە پێشوازی شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بوو. شنگالی بە هەمان شێوە مەترسی جموجوڵەکانی داعشی نەشاردەوە و داوایکرد، هەماهەنگییەکی باش هەبێت لەنێوان هێزی پێشمەرکە و هێزەکانی عێراق و ئەمهریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵتی دژی داعش.