سەمیرە 60 ساڵە وێنە دەگرێت

"چوار ساڵ زیندانی کرام"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەمیرە مەزعەل وێنەگرێکی ناوداری عێراقە، پێشتر زیندانی سیاسی بووە، زیاتر لە 60 ساڵە وێنە دەگرێت و سەرقاڵی بە بەڵگەنامەکردنی خەڵك و شوێنەکانە.

سەمیرە، دەڵێت: "لە تەمەنی منداڵییەوە داوام لە باوکم کرد کە فێری پیشەی وێنەگریم بکات، بەڵام رەتیکردەوە و گوتی: هێشتا منداڵی و کۆمەڵگە دڕندەیە، دواتر هەنگاو بە هەنگاو فێری وێنەگرتنی کردم".

ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای ماوەیەک کەسایەتییە دیارەکانی شاری عەمارە دەستیانکرد بە هێنانی خێزانەکانیان تا وێنەیان بگرم، کە ئەمەش ئاستێکی بەرزی متمانە بوو لە نێوانمان".

سەبارەت بە پەیوەندی بوونی بە ژیانی سیاسییەوە سەمیرە گوتی: "خێزانەکەم پەیوەندییان بە بزووتنەوەی سیاسی نیشتمانی و بەتایبەتی حزبی شیوعی عێراقییەوە هەبوو. دوای ئەوەی کودەتا خوێناوییەکە لە ساڵی 1963 روویدا، هەڵمەتێکی دەستگیرکدنی باوەڕپێنەکراو هەبوو. هەر کەسێک وێنەی سەرکردەی سەربازیی کۆچکردو و سەرۆک وەزیرانی عێراقی هەبوایە دەستگیر دەکرا. هەروەها هەر کەسێک باسی بارودۆخی وڵات یان ئابووری بکردایە بە هەمان شێوە دەستگیردەکرا. من نزیکەی چوار ساڵ لە زیندان بووم. وێران بووم. کاتێک دایکم سەردانی دەکردم، هاوڕێ زیندانییەکان لەسەر لێفەیەک هەڵیان دەگرتم بۆ ئەوەی بیبینیم، چونکە خوێنێکی زۆرم لێدەهات و برینی گەدەم هەبوو".

سەمیرە تەمەنی 77 ساڵە، جگە لەو خولیایەی بۆ وێنەگرتن لە رێگەی پیشەکەیەوە بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین دەکات.

باسل ئەلزەیدی، یەکێکە لەو هاووڵاتیانەی بۆ وێنەگرتن بەردەوام سەردانی سەمیرە دەکات و گوتی: "هونەرمەند سەمیرە مەزعەل کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتییە لە عێراق بەگشتی و لە پارێزگای میسان بەتایبەتی. بە زەحمەت خێزانێک  لە ناوەند و ناحییەکانی پارێزگای میسان هەیە کە سەمیرە فۆتۆگرافەرەکە نەناسێت. سەمیرە لە ستۆدیۆکەی خۆی وێنەی نەوەکانمانی گرتووە، بەڵام نەوەی پێشوو لە هەمان سەردەمی خەباتی سەمیرەدا ژیاون".

جگە لە وێنەی هاووڵاتییان، سەمیرە وێنەی کۆڵبەران و رۆشنبیران و تەلارسازانی گرتووە و ئەرشیفی کردووە.