لەسەر فرۆشتنی گورچیلەی کچێك باوک و برایەکی دەستگیرکران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: گورچیلەی کچەکە لە دهۆک فرۆشراوە
وێنەی تۆمەتبارەکان
وێنەی تۆمەتبارەکان

K24 - سلێمانی:

لەسەر فرۆشتنی گورچیلەی کچێک بە هەشت ملیۆن دینار، باوک و برایەکی کچەکە لە بەغدا دەستگیرکران.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن تیمەکانی پۆلیسی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بازرگانی بە مرۆڤ لە بەغدا، کوڕ و باوکێك لە ناوچەی غەزالی دەستگیرکران، کە گورچیلەی کچەکەیان لە پارێزگای دهۆک بە بڕی هەشت ملیۆن دیناری عێراقی فرۆشتووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا، دانیان ناوە بە فرۆشتنی گورچیلەی کچەکەدا و بڕیاردراوە لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکبهێندرێت و بەگوێرەی مادەی 18ی یاسای رێگریکردن لە بازرگانی بە بەشەکانی جەستەی مرۆڤەوە، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

گورچیلە، یەکێکە لە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ، رۆژانە هەڵدەستێت بە پاڵاوتنی شلەمەنییەکانی ناو جەستە و فڕێندانی بەشە زیادەکانیان، هاوکات رۆڵ دەبینێت لە کۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن و بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکان و پاراستنی تەندروستی ئێسکەکاندا.