سەعدی پیرە: ئێستا بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی گۆڕاوە

"یەکێتی پێی وانییە هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە کێشەکان چارەسەر بکات"
سەعدی ئەحمەد پیرە
سەعدی ئەحمەد پیرە

K24 – سلێمانی

سەعدی ئەحمەد پیرە رایدەگەیەنێت، ئەو بابەتانەی ئێستا لە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت گۆڕاون، پێشتر بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار بابەتێکی سەرەکی بوو، بەڵام ئێستا وانییە. دەشڵێت: هەندێک زارەوەی ئێستای بەغدا زیاتر لە کودەتا دەچێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کۆبووەنەوەکانی ئەم دواییەی نێوانیان، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ساردی لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ماوەیەکە هەیە، بەڵام پێکەوە ئیش دەکەین لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئەمنیەت و سەقامگیری، لە ماوەی رابردوودا کێشەکان پەیوەندی بە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە بوو، یەکێتی ناڕازی بوو لە هەڵوێستی پارتی، بەڵام ئێستا بابەتەکە گۆڕاوە، بەهۆی دۆخی عێراق ئەو زاراوانەی بەکاردەهێنرێن وەک هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، دەستوور و حزبەکان، کە ئەمە زیاتر لە کودەتا دەچێت، بێگومان هەرێمی کوردستان لەم جۆرە کودەتایانە سەلامەت نابێت، بۆیە دەبێ هەموو ناکۆکییەکانی دیکە وەلابنرێن، نابێت لاسایی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بکەینەوە، بەڵکو دەبێ هەوڵەکانمان رێکخەین و پارێزگاری لە دەستکەوت و قەوارەکەمان بکەین، چونکە زۆرجار ئێمە لەو ناکۆکییانە بووینەتە قوربانی، بۆیە دەبێ ئەمجارە وریاتربین".

سەعدی پیرە، سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، رایگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک بافڵ تاڵەبانی گرنگ بوو، دەبێ هەرێمی کوردستان بۆ بابەتی ئەمنی و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان، هەر بابەتێک کە دێتە پێشەوە راشکاوانە گفتوگۆی لەسەر بکەین، نەک بە رق و کینە و کاردانەوەی نەرێنی. هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە هەموو لایەنەکانی کوردستان پێکەوە بەرگری لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەین".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەشڵێت: "لە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی، کەمتر باسی بابەتی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکرێت".

لەبارەی پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەکرد: "پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستی بە ملیار دۆلارە، خەڵکی عێراق بە گشتی پێویستی بە چاکسازی و هەلی کار و خزمەتگوزارییە، هەڵبژاردن هیچ بەهای نییە، ئەگەر لایەنەکان ئامادە نەبن ئەنجامەکەی قبووڵ بکەن و دان بە دامەزراوە شەرعییەکان دابنێن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق؟ سەعدی پیرە، دەڵێت: "ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە ببێتە بڕیاری زۆرینەی عێراقییەکان یەکێتی دژی ناوەستێتەوە، بەڵام یەکێتی پێی وانییە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە هەموو کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات، ئەگەر لایەنەکان ئامادە نەبن پابەندی دامەزراوە شەرعییەکان بن. لەمێژ نییە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کراوە".