بە ڤیدیۆ.. لەبەر "چاوەزار" ئاگری لە ئۆتۆمبێلەکەی بەردا

رووداوەکە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە
دیمەنی سووتانی ئۆتۆمبێلەکە
دیمەنی سووتانی ئۆتۆمبێلەکە

K24 - هەولێر:

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تویتەر، کە تێیدا هاووڵاتییەکی ئیماراتی بە هۆکارێکی سەیر ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دەسووتێنێت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەرا دەنێتەوە.

خاوەن ئۆتۆمبێلەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی دۆخێکەوە کە رۆژێک پێشتر بەسەریدا هاتووە و ئاگری لە ئۆتۆمبێلەکەی بەرداوە.

بە گوتەی پیاوەکە، کەسێک ئیرەیی پێبردووە و پێی گوتووە "چۆن دەتوانیت بەو ئۆتۆمبێلە گرانبەهایە بچیتە ئەبوزەبی و بێیتەوە"، وەك لە قسەکانیدا دەردەکەوێت، پیاوەکە بەهۆی ئیرەیی و ترسی لە "چاوی پیس" یان "چاوەزار" ئۆتۆمبێلەکەی سووتاندووە.

رووداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەکارهێنەرانی تویتەر رەفتارەکەی ئەو پیاوەیان بە نەزانی و قەدرنەگرتنی بۆ نیعمەتەکانی خودا ناوبرد، هەندێکی دیکەش دەڵێن، چیرۆك و هۆکارەکەی، قەناعەتپێکەر نین و نابنە هۆکارێك بۆ سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکەی.