بورهان خۆشناو بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە

بەرهەمی رۆژگاری بڵاوکردەوە

K24 – هەولێر

هونەرمەند بورهان خۆشناو بەرهەمێکی نوێی هونەری بەناو "رۆژگار" بڵاوکردەوە.

نوێترین بەرهەمی بورهان خۆشناو کە مەقامە بەناوی رۆژگار، هۆنراوەکەی کاوە حوسێن نووسیویەتی لە مەقامەکەدا بورهان خۆشناو دەڵێت: هێندە دڵم شکاوە لەم رۆژگار و سەردەمە، هەست و سۆز و خۆشەویستی بە تەنیا وشەی سەردەمە".

بورهان خۆشناو، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو بەرهەمەم یەکێکە لە بەرهەمە نوێیەکانم و لەسەر ئەرکی خۆم تۆمارم کردووە هەروەها ڤیدیۆ کلیپم بۆی کردووە".

گوتیشی: "چەند بەرهەمێکی دیکەم ئامادە لە ئایندەدا بڵاویان دەکەمەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئامانجی من تەنیا خزمەتکردنە بە هونەری کوردی و گەلەکەم، بۆیە تا توانام هەبێت بەردەوام دەبم لە گوتنی گۆرانی و مەقام".

بورهان خۆشناو، یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کوردستان لە ساڵی 1978 دەستی بە کاری هونەری کردووە و جگە لە گۆرانی، لاوک و حەیران و مەقامیش دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 100 بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە.