لە نۆ مانگدا 22 کچ لە هەولێر بە زۆر بە شوو دراون

10 حاڵەتی توندوتیژی سێکسی لە هەولێر تۆمار کراوە

K24 - هەولێر

لە ماوەی 9 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 300 کەیسی توندوتیژی لە سەنتەرەکانی چارەسەری تەندروستی ئافرەتان کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە کاری لەسەر کراوە، بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و ئافرەتانی ھەولێر 10 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و 22 حاڵەتی ھاوسەرگیری بەزۆریان تۆمار کردووە.

سۆلین حوسام، تەمەنی 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکان، لە تەمەنی 20 ساڵیدا ھاوسەرگیری کردووە، وەک خۆی دەڵێت، ھەموو رۆژێک توندوتیژی بەرامبەر کراوە، دواجار بە لەبارچوونی منداڵەکەی کۆتایی دێت.  ئەو چوار ساڵە لە سەنتەری چارەسەری تەندروستی ئافرەتانە لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون.

سۆلین، چیرۆکەکەی بۆ کوردستان24 گێڕایه‌وه‌ و وتی: "من 11 مانگ لەگەڵ مێردەکەم مامەوە، ھەموو رۆژێکم لێدان و ناخۆشی بوو، ھەموو گیانم شین و مۆر ببوو، کاتێک ھاتمە ئێرە دووگیان بووم چارەسەریان بۆ کردم، بەڵام دواتر زانیم کە منداڵەکەم لەبارچووە".

یەکێکی دیکە لە قوربانییەکان بەناوی ناز عەلی،  تەمەنی 20 ساڵە و  نموونەیەکی دیکەیە لەو ئافرەتانەی کە لەو سەنتەرەدا چارەسەر وەردەگرێت، ناز رستەیەکی دایکی لە بیرنەچووە و بەردەوام دووبارەی دەکردەوە کە  پێ گوتووە: لە بەر ئەوەی باوکتان لەمنی داوە ناھێڵم ئێوەش ئاسوودەبن،  ئەو دوو خوشک و سێ برای ھەیە، برایەکەی بەهۆی توندوتیژییەکانی دایکی ماڵی بەجێھێشتووە. ناز دەڵێت: "من لەبەر دایکم ماڵەوەم بەجێھێشتووە لە قوتابخانە دەریھێنام و نەیھێشت بخوێنم. برا و خوشکەکانیشم ھیچ خوێنەواریمان نییە، چونکە دایکم نەیھێشت ھەمیشە لێی دەداین، برایەکیشم ماڵی بەجێھێشتووە، هەر بەهۆی ئەو توندوتیژیەی دایکم".

لە ماوەی نۆ مانگدا سێ سەنتەری تایبەت بە چارەسەری تەندروستی ئەو کەسانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و رۆژئاوای ھەولێر و نەخۆشخانەی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراونەتەوە، لەو ماوەیەشدا 350 حاڵەتی توندوتیژیان  وەرگرتووە.

د. شادان شێروان، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و ئافرەتانی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: " ئەو ئامانجەی سەنتەرەکەی بۆ دامەزرا تا رادەیەکی زۆر بەدیھات، حاڵەتەکانی توندوتیژی رۆژانە دێنە سەنتەرەکە و چارەسەریان بۆ دەکرێت، لە رووی یاسایی و کۆمەڵایەتی و تەندروستییەوە".