97 ملیار دیناری شایستە داراییەکانی جووتیاران دابەشدەکرێت

"پارەکە بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان دابەشدەکرێت"
بانکێکی هەرێمی کوردستان
بانکێکی هەرێمی کوردستان

K24 - سلێمانی

وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 97 ملیار دیناری شایستە داراییەکانی جووتیاران دابەشدەکرێت، کە زۆرینەی پارەکە بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ئەمڕۆ (8ی ئابی 2022) بە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە "بڕی 97 ملیار و 362 ملیۆن دینار هاتووەتە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بریتییە لە بەشێکی تری شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2022".

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 50 ملیار دیناری ئەو پارەیە بۆ جوتیارانی پارێزگای سلێمانی دەبێت و بڕی 30 ملیار دیناری بۆ جوتیارانی هەولێر و 17 ملیار دیناری بۆ جوتیارانی دهۆک دەبێت.

بەگوتەی نەوزاد شێخ کامیل، دوای تەواوبوونی رێکارە کارگێری و داراییەکان، پارەکە بە گوێرەی بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان، بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت.

ئەمساڵ 260 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان وەرگیراوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو، 125 هەزار تۆن گه‌نم وەرگیرابوو، واتە رێژەی وەرگرتنی گەنم لە ئەمساڵدا دوو هێندەی ساڵی رابردوو زیاتر بووە، هەروەها ساڵانی رابردوو، گەنم بە سێ پلەی جیاواز وەرده‌گیرا، بەڵام ئەمساڵ سەرجەم گەنمی جووتیاران بە یەک پلە وەرگیراون و نرخی هەر تۆنێک گەنم، بە 850 هەزار دینار دیاریکراوه‌.

هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخ و وەرگرتنی گەنم بە شێوەیەکی کراوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەمساڵ لە زۆرینەی ناوچەکانی عێراقدا وشکەساڵی بوو، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری گەنمی جووتیاران، بەرهەمی باشیان نەبوو.

بەهۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە، ئەمساڵ نرخی گەنم لەسەر ئاستی جیهان بەرزبووەوە، چونکە ئەو دوو وڵاتە ساڵانە دەیان هەزار تۆن گەنم بۆ وڵاتانی جیهان دابیندەکەن، ئەوەش مەترسی کەمبوونەوەی رێژەی گەنمی لە جیهاندا دروستکردووە، بەڵام رۆژی 22ی تەمووزی 2022، بەرپرسانی رووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبۆڵی پایتەختی تورکیا بە ئامادەبوونی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، رێککەوتنێکیان واژووکرد، بۆئەوەی 20 هەزار تۆن گەنمی ئۆکرانیا لە رێگەی بەندەرەکانەوە رەوانەی جیهان بکرێت و دواتر هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا دەستیپێکرد.