رۆژنامه‌كانی مه‌درید: بارسێلۆنای ئێستا سه‌رسوڕهێنه‌ره‌

رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی دوای تۆماركردنی گۆڵه‌كه‌ی له‌ جامی خوان گامپه‌ر
رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی دوای تۆماركردنی گۆڵه‌كه‌ی له‌ جامی خوان گامپه‌ر

رۆژنامەکانی مەدرید هۆشداری دەدەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە بارسێلۆنای ئێستا زۆر سەرسوڕهێنەر و مەترسیدارە و دوای سەرکەوتنی یانە کەتەلۆنییەکە لە جامی خوان گامپەر ستایشی چاڤی و یاریزانەکانی دەکەن.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا و نزیک لە ریال مەدرید هۆشدارییەکی تووند دەدەن لە بەهێزی و مەترسیداری بارسێلۆنا لەم وەرزە، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە بارسێلۆنای ئێستا سەرسوڕهێنەر و ترسناکە.

مارکا  کە نزیکە لە ریال مەدرید ستایشی ئاستی بارسێلۆنای رکابەرە مێژووییەکەی شاهانەکان دەکات، لە کاتێکدا هێشتا لە وەرزی نوێی لالیگا و خولەکانی ئەوروپا هیچ یارییەکی نەکردووە.

مارکا هێمای بۆ ئەوە کردووە بلاوگرانا لە قۆناغی ئامادەکاریی، بەهێز و ترسناک دەردەکەوێت و چاوەڕێی وەرزێکی گەورە و سەرسوڕهێنەری لێ دەکرێت، بەتایبەت دوای سەرکەوتنە گەورەکەی جامی خوان گامپەر کە بە شەش گۆڵی خاوێن لە پوماسی مەکسیکی بردەوە

رۆژنامەی مارکا بە مانشێتێکی هەستیار و کاریگەر باسی لە یارییەکەی بارسا لە جامی خوان گامپەر کردووە و نووسیویەتی ئەم بارسێلۆنایە ترسناکە و لە بەرگی ئەمڕۆی رۆژنامەکەشدا نووسیویەتی دەبێت بە ترسەوە بمێنیتەوە، ترسێکی زۆر، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ مەترسی بلاوگرانا لەم وەرزە.

لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بە هەمان شێوە ستایشی بارسێلۆنای کردووە و بە سەرسوڕهێنەر و نایاب وەسفی دەکات و لە ناونیشانی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: پیاوەکانی چاڤی لە کاتژمیرێکی سەرنجڕاکێشدا یانەی پوماسیان خوارد.

بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکە تا ئێستا پێنج گرێبەستی واژۆ کردووە، هەریەکە لە فرانک کیسێ، ئاندریاس کریستێنسن، رافینیا، لیڤاندۆڤسکی و جول کۆندێی گواستەوە ریزەکانی، بەپێی سەرچاوەکان بلاوگرانا گرێبەستی شەشەمیشی یەکلایی کردووەتەوە و مارکۆس ئالۆنسۆی بەرگریکار لە چێڵسیەوە بەرامبەر 10 ملیۆن یۆرۆ روو لە یانە کەتەلۆنییەکە دەکات، چەند سەچاوەیەکیش هێمایان بۆ ئەوە کردووە بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی مانچێستەر سیتی دەبێتە حەوتەمین گرێبەستی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا.