لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر 300 هەزار تۆن دانەوێڵە بە 10 کەشتی بازرگانیی لە ئۆکرانیاوە گواستراونه‌تەوە

هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا به‌رده‌وامه‌
كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگر دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا بۆ بازاڕه‌ جیهانییه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌.. فۆتۆ: aa
كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگر دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا بۆ بازاڕه‌ جیهانییه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌.. فۆتۆ: aa

K24 - هه‌ولێر:

لە چوارچێوەی رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە ماوەی یەک هەفتەدا 305 هەزار و 458 تۆن دانەوێڵە لە رێگەی 10 کەشتی بازرگانییەوە بە شێوەیەکی پارێزراو لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە گواستراونەتەوە.

دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ لە 27ی تەمووزدا ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش به‌ نێوه‌ندگیری توركیا لە ئیستانبوڵ کرایەوە، کە کاری بەڕێوەبردن و چاودێرییکردنی هەناردەی دانەوێڵە و بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکەی ئۆکرانیایە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ بڵاویكرده‌وه‌، ئەو کەشتییانەی بە باری دانەوێڵەوە ئۆکرانیا جێدەهێڵن، لەو شوێنەی لە دەروازەی گەرووی ئیستانبوڵ بۆیان تەرخان کراوە، لەنگەر دەگرن، لەلایەن ناوەندە هاوبەشەکەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت، پاشان بەرەو بەندەرە دیاریکراوەکان بەڕێدەکەون، یەکەم کەشتیش لە 1ی ئابدا لە ئۆکرانیاوە کەوتەڕێ.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ 4 کەشتی کە 170 هەزار و 458 تۆن گەنمەشامییان هەڵگرتووە، لە ئۆکرانیاوە ده‌گەنە بەندەرەکانی تورکیا، یەکەم کەشتیشیان لە 5ی ئابدا گەیشتە بەندەری دەرینجەی شاری کۆجائه‌لی کە 12 هەزار تۆن گەنمەشامی هەڵگرتبوو.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەشدا 6 کەشتی دیکە لە ئۆکرانیاوە دەگەنە وڵاتانی ئیتاڵیا، چین، ئیرلەندا، بەریتانیا و لوبنان. ئەو کەشتییەی بەرەو لوبنان لە 1ی ئابدا لە بەندەری ئۆدێساوە بەڕێکەوتبوو، یەکەم کەشتی ئۆکرانی بوو، دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ ئاڵای وڵاتی سیرالیۆنه‌وه‌ 27 هەزار تۆن گەنمەشامی هەڵگرتبووە.

هاوكات 2 کەشتی دیکەی گەنمەشامیش، کە یەکێکیان بەرەو ئیرلەندا و ئەوی دیکەیان بەرەو بەریتانیا کەوتووەتەڕێ، رۆژی 5ی ئاب بەندەرەکانی ئۆکرانیایان بەجێهێشت.

 

هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا به‌رده‌وامه‌

یەکەمین کەشتی بەتاڵ دوێنێ گەیشتە بەندەره‌كانی ئۆکرانیا، كه‌ بە ناوی "Fulmar S"ـه‌ و ئاڵای باربادۆسی هه‌ڵكردووه‌ و لە 5ی ئابدا لە بەندەری باندرماوە بەڕێکەوتبوو و له‌ بەندەری چۆرنۆمۆرسک لە ئۆدێسا له‌نگه‌ری گرت، كه‌شتیی "Fulmar S" بووە یەکەمین کەشتی، کە بەمەبەستی بارکردن هاتە بەندەرەکانی ئۆکرانیا.

هاوكات کەشتیی "Osprey S" بە بەتاڵی کە ئاڵای لیبریای هه‌ڵكردووه‌ دوای ئەوەی دوێنێ لە ئیستانبوڵ پشکنینی بۆ کرا، بەمەبەستی گواستنەوەی دانەوێڵە بەرەو بەندەری چۆرنۆمۆرسک بەڕێکەوت.

لە میانی هەڵمەتی رەوانەکردنی دانەوێڵەدا لە بەندەری چۆرنۆمۆرسکەوە کەشتی "مستەفا نەجات"، کە 6 هەزار تۆن رۆنی گوڵەبەڕۆژەی پێیە بەرەو ئیتاڵیا‌، کەشتی "ستار هێلینا" کە 45 هەزار تۆن پاشماوەی گوڵەبەڕۆژەی پێیە، بەرەو چین و کەشتی "گلۆری" کە 66 هەزار تۆن گەنمەشامی پێیە بەرەو ئیستانبوڵ بەڕێکەوتوون.

هەر هەمان رۆژ کەشتی "ریڤا ویند" کە 44 هەزار تۆن گەنمەشامی پێیە لە بەندەری ئۆدیساوە بەرەو ئیسکەندەرون بەڕێکەوت. کەشتی "ساجورا" کە 11 هەزار تۆن سۆیا لە بەندەری یوزنی-یەوە دەگوازێتەوە و دەچێتە ئیتاڵیا، کەشتی "ئاریزۆنا"یش کە 48 هەزار و 458 تۆن گەنمەشامی دەگوازێتەوە لە بەندەری چۆرنۆمۆرسکەوە دەچێتە ئیسکەندەرون.

لە چوارچێوه‌ی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵەدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمیی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا ئەنجام دراوە، تا ئێستا 305 هەزار و 458 تۆن دانەوێڵە، بە 10 کەشتی بازرگانی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە بە شێوەیەكی پارێزراو رەوانەکراوە.