مۆسكۆ: هاوکارییە سەربازییهكانی ئهمهریكا بۆ ئۆکرانیا دهگاته بازاڕی رەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 - ههولێر:
ئەمهریکا و وڵاتانی ئەوروپی بە دەیان ملیار دۆلار چەک و هاوکاری سەربازییان رەوانەی ئۆکرانیا کردووە و هاوکارییەکان هێشتا بەردەوامن و بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری رووسیا، بەشێکی ئەو چەکانە گەیشتوونەتە بازاڕی رەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست.
ئاژانسی ههواڵی رۆیتهرز له زاری ئهنتۆنی بلینكن، وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا بڵاویكردهوه، واشنتن له پێشكهشكردنی هاوكاری سهربازی بۆ كیێڤ بهردهوام دهبێت، له قۆناغی داهاتوودا به بڕی یهك ملیار دۆلار هاوكاری سهربازی پێشكهشی ئهم وڵاته دهكات و كۆی گشتی هاوكارییه سهربازییهكانی ئهمهریكا بهمجۆره دهگاته 9.8 ملیار دۆلار.
ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمهریکی هەر لە سەرەتاوە دژی ناردنی چەک بوون بۆ ئۆکرانیا و یەکێک لە مەترسیەکانیان ئەوە بوو ئەو چەکانە بکەونە ژێر دەستی گروپە تیرۆریستەکان و جارێکی دژی خەڵک، بەرژەوەندییەکان و هاوپەیمانانی ئەمهریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەکاربهێنرێن.
ئهو ئاژانسه روونیكردهوه، هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمهریکا بۆ ئۆکرانیا بەردەوامن و ئەمهریکا سەرقافڵهی هاوکارییە سەربازییەکانە و پشکی شێری بەردەکەوێت.
هەر لەسەرەتا و پێش پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیاری ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، 57 کۆنگرێسمانی ئەمهریکی دژی پێدانی چەک بە کیێڤ وەستانەوە، پێیانوابوو ناردنی چەک قەیرانەکە قوڵتردەکاتەوە.
جیا لەوەش مەترسی ئەوە هەیە ئەو چەکانە بگەنە بازاڕی رەش و دواتریش دەستی تیرۆریستان و دواجار نەک هەر قەیرانەكه چارەسەر نابێت، بەڵکو قوڵتردەبێتەوە و تەشەنە دەکات و دوور نییە ئەو چەکانه دژی خەڵک، بەرژوەندی و هاوپەیمانەکانی ئەمهریکا بەکاربێنەوە.
وەزارەتی بەرگری رووسیای ئاشکرایكرد، بەڵگە و داتایان دەستکەوتووە، بەشێکی ئەو هاوکارییە سەربازییانەی ئەمهریکا و ئەوروپا بۆ ئۆکرانیای دەنێرن، ئێستا لە بازاڕی رەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.
هاوکاریی سەربازی وڵاتان بۆ ئۆکرانیا بە ژمارە:
ئەمهریکا
8.8 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی داوەتە ئۆکرانیا لە چەندین جۆر سیستمی بەرگری مووشەکی و چەکی پێشکەوتوو دەبینێتەوە.
ئەڵمانیا
2 ملیار دۆلار چەک و مووشەکی زیرەکی داوەتە ئۆکرانیا
بەریتانیا
2.8 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی ئۆکرانیای کردووە و راهێنانیش بە سەربازانی ئەو وڵاتە دەکات
نەروێژ
500 ملیۆن دۆلار چەک و چۆڵی داوەتە کیێڤ
فەرەنسا
25 ملیۆن دۆلار هاوکاریکردووە
ئیتاڵیا
30 ملیۆن دۆلار
ئیستۆنیا
30 ملیۆن دۆلار
لاتیڤیا
27 ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی رەوانەی ئۆکرانیا کردووە
ئەو چەکەی ئەوروپا و ئەمهریکا بۆ ئۆکرانیای دەنێرن، ئەگەر رێژەیەکی کەمیشی وەک ئەوەی رووسیا باسدەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەوێتە دەست بازرگانەکان و بازاڕی رەش و دواتریش گروپە تیرۆریستەکان، بەدڵنیاییەوە قەیرانەکان قوڵتردەبنەوە و ئەگەری سەرهەڵدانی کێشە و مەترسی ئەمنی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.