ریال مه‌درید كێبڕكێ بۆ بردنه‌وه‌ی 100ـه‌مین نازناو ده‌كات

یانه‌ی ریال مه‌درید پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی چامپیۆنزلیگ سبه‌ی چوارشه‌ممه له كاتژمێر 10:00ـی شه‌و له یاریگه‌ی ئۆڵمپی هێلسینكی له وڵاتی فینله‌ندا له جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا رووبه‌ڕووی یانه‌ی ئینتراخت فرانكفۆرتی پاڵه‌وانی یۆرۆپالیگ ده‌كات.
رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا له چاپی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 9 ئابی 2022 به مانشێتێكی گه‌وره نووسیویه‌تی: ریال مه‌درید كێبڕكێ به‌ره‌و بردنه‌وه‌ی 100ـه‌مین نازناو ده‌ستپێده‌كات و ده‌یه‌وێت له جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا ئینتراخت فرانكفۆرت تێكبشكێنێت.
یانه‌ی ریال مه‌درید خاوه‌نی 97 نازناوه، له به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا 96 نازناوی هه‌یه و هیچ تیپێك له مێژووی تۆپی پێی هێنده‌ی ریال مه‌درید نازناوی نه‌بردووه‌ته‌وه، كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت ئه‌م وه‌رزه به بردنه‌وه‌ی 3 نازناوی دیكه ژماره‌ی نازناوه‌كانی یانه‌كه بگه‌یه‌نێته 100 نازناو.
ئانچیلۆتی به ته‌واوی 25 یاریزانه‌وه گه‌شتی بۆ فینله‌ندا كردووه و پیشبینی كراوه بۆ ئه‌م یارییه بۆ یه‌كه‌مجار چوامینی و رۆدیگێر له یارییه‌كی فه‌رمی دا درێسی ریال مه‌درید بپۆشن.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئینتراخت فرانكفۆرت كه پێشتر نازناوێكی جامی یانه‌كانی ئه‌ورووپای له وه‌رزی 1979 ـ 1980 بردووه‌ته‌وه كه ئێستا ناوه‌كه‌ی بۆ چامپیۆنزلیگ گۆڕا و خاوه‌نی نازناوێكی یۆرۆپالیگه، 5 نازناوی جامی ئه‌ڵمانیا و نازناوێكی بۆندزلیگاشی بردووه‌ته‌وه.
ئینتراخت فرانكفۆرت به راهێنه‌رێكی نوێی نه‌مسایی ئۆلیڤه‌ر گلاسنه‌ر رووبه‌ڕووی ریال مه‌درید ده‌بێته‌وه كه ئه‌م راهێنه‌ری سه‌ره‌تای مانگی رابردوو ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌ی وه‌رگرتووه.
ئینتراخت فرانكفۆرت له یارییه دۆستانه و ئاماده‌كاره‌كییه‌كانی ئه‌م هاوینه‌یه هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاند، به‌ڵام له یه‌كه‌مین یاریی فه‌رمی ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه‌ی بۆندزلیگا نیو ده‌رزن گۆڵی به‌رامبه‌ر بایرن میونشن لێكرا و تووشی شكستێكی گه‌وره هات.
