"ئه‌مجاره‌یان كاتی گۆڵكردنه‌ له‌ جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا"

ڤینیسیۆس جۆنیۆر هێرشبه‌ری به‌رازیلی یانه‌ی ریال مه‌درید
ڤینیسیۆس جۆنیۆر هێرشبه‌ری به‌رازیلی یانه‌ی ریال مه‌درید

یانه‌ی ریال مه‌درید پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی چامپیۆنزلیگ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و له‌ یاریگه‌ی ئۆڵمپی هێلسینكی له‌ وڵاتی فینله‌ندا له‌ جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا رووبه‌ڕووی یانه‌ی ئینتراخت فرانكفۆرتی پاڵه‌وانی یۆرۆپالیگ ده‌كات.

رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانیا له‌ چاپی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 9 ئابی 2022 به‌ مانشێتێكی گه‌وره‌ نووسیویه‌تی: ڤینسیۆس بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ش ببێته‌ ئه‌ستێره‌ و بدره‌وشێته‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا ده‌چێته‌ فینله‌ندا و ده‌یه‌وێت دوای گۆڵكردن له‌ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول، ئه‌مجاره‌یان گۆڵ له‌ ئینتراخت فرانكفۆرت بكات.

ڤینسیۆس جۆنیۆری ته‌مه‌ن 22 ساڵ، له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید له‌ كۆی 170 یاری، 36 گۆڵ و 43 ئاسیستی كردووه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی ماركا ده‌ڵێت: ئێستا نۆره‌ی گۆڵكردنه‌ له‌ جامی سووپه‌ر، ده‌مه‌وێت بێمه‌ ئاستی گه‌وره‌كانی مێژووی تۆپی پێ.

 ریال مه‌درید بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئینتراخت كێبڕكێ به‌ره‌و بردنه‌وه‌ی 100ـه‌مین نازناو ده‌ستپێده‌كات.

ریال مه‌درید خاوه‌نی 97 نازناوه‌، له‌ به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا 96 نازناوی هه‌یه‌ و هیچ تیپێك له‌ مێژووی تۆپی پێی هێنده‌ی ریال مه‌درید نازناوی نه‌بردووه‌ته‌وه‌، كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی 3 نازناوی دیكه‌ ژماره‌ی نازناوه‌كانی یانه‌كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ 100 نازناو.

ئانچیلۆتی به‌ ته‌واوی 25 یاریزانه‌وه‌ گه‌شتی بۆ فینله‌ندا كردووه‌ و پیشبینی كراوه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ بۆ یه‌كه‌مجار چوامینی و رۆدیگێر له‌ یارییه‌كی فه‌رمی دا درێسی ریال مه‌درید بپۆشن.

چاڤی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ی رۆژنامه‌ی ماركا 9 ئابی 2022
چاڤی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ی رۆژنامه‌ی ماركا 9 ئابی 2022