سەربازێکی دیكەی تورکیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان كوژرا

لەم هەفتەیەدا دوو سەربازی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان کوژراون
سەربازێکی تورکیا - فۆتۆ: AA - ئەرشیف
سەربازێکی تورکیا - فۆتۆ: AA - ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان راگەیەند.

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی دەستکرد، سەربازێکی پیادەی تورکیا بەناوی "خەلیل کۆچ" لە دوای برینداربوونی و وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا لە راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشکرای کرد، لە 3ی ئەم مانگەدا لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراودا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ-قفڵ" کە چەکدارانی پەکەکەوە دانرابوو، خەلیل کۆچ بریندار بوو، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، دوای وەرگرتنی چارەسەر گیانی لەدەستدا.

ئەمە لە کاتێکدایە سێ رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی سوپاکەی لە شەڕی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

سوپای تورکیا لە 18/4/2022، ئۆپەراسیۆنێکی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانیەوە بەناوی "چنگ-قفڵ" بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و ئاڤاشین دەستپێکردووە.