سەدر و مالیکی وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

عاشوورا شەڕی لایەنەکان گەرمتر دەکات
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

موقتەدا سەدر، لە نوێترین پەیامیدا بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی نووری مالیکی دەداتەوە و لە تویتێکدا نووسیویەتی، رێگە بە گەندەڵکاران نادەن فەرمانڕەوایەتی عێراق بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێش لە پەیامێکیدا نووری مالیکی رایگەیاندبوو، بەبێ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، هەڵبژادنی پێشوەختە ناکرێت و پەرلەمانیش هەڵناوەشێتەوە. بە گوتەی چاودێرانیش بە پەیامەکانی سەدر و مالیکی بێت، هیچ نیشانەیەک بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی لە عێراق بەدیناكرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدریش لەبەردەم پەرلەمان بەردەوامە و دووپاتیشی دەکەنەوە، بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان رێگە بە کەس نادەن بچێتە پەرلەمان.

هەلومەرجی جیاوازی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر، بە تایبەت سەبارەت بە بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، رێگری دەکات لە هەر بیرۆکەیەکی نێوەندگیری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە سیاسییەی عێراق تێیكەوتووە..

ئێستا لە ساڵڕۆژی کوژرانی ئیمام حوسێن دا، سەدر و مالیكی پەیامی نوێ و دژ بە یەكیان ھەیە. نووری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ گوتارێكیدا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی عاشوورا، رایگه‌یان: تا په‌رله‌مان كۆنه‌بێته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام نادرێت و په‌رله‌مانیش هه‌ڵناوه‌شێندرێته‌وه‌.

مالیكی، داواکارییەکانی موقتەدا سەدری رەتکردەوە و گوتی: نە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و نە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، تاوەکو پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی نەکات.

بەبۆنەی رۆژی عاشوراوە، موقتەدا سەدر پەیامێکی لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت: ملکەچی هیچ گەندەڵکارێك نابن و ناھێڵن هیچ گەندەڵکارێكیش فەرمانڕەواییمان بکات.

لایەنگرانی رەوتی سەدر بڕیاریانداوە، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان رێگە بە ئەنجامدانی هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان نەدەن.

لایەنگرێکی سەدر لەبەردەم پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئیتر گەندەڵی لە عێراق نامێنێت، چینی گەندەڵکار لە دوای 2003ەوە چیتر فەرمانڕەوایی عێراق ناکات و ئەمە کۆتایی هات، ئەوانەشی دەیانەوێ بێنە ئێرە، فەرموو بابێن ئەمە ئەنجومەنی گەلە و با بێن خۆیان تاقیبکەنەوە.

خۆپیشاندەرێکی دیکەش رایگەیاند: ئێمە یەک داواکاریمان هەیە، ئەویش لەسەرکارلادانی گەندەڵکارانە، ئێمە هیچ گەندەڵکارێمان ناوێت و شکۆی گەلمان دەوێت، خەڵک برسیەتی، هەر کەسێک بیەوێت بێتە پەرلەمان، لە رەگەوە هەڵیدەکێشین، ئێمە گەلین و یاسا دەگۆڕین.

ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی 10 مانگە هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق ئەنجامدراوە، بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێندرێت، لەدوای کشانەوەی لە پەرلەمان لەماوەی رابردوودا موقتەدا سەدر داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كرد، لە بەرامبەردا لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێستی جیاوازیان پیشاندا، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی کە بەشێکە لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی داواکەی رەتکردەوە و سوربوونی خۆی لەسەر کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کردەوە.