حیزبوڵڵا هەڕەشەی دەستبڕین لە ئیسرائیل دەکات

"ئەوەی دەستوەرداتە نەوتی لوبنان دەستی دەبڕێن"
حزبوڵڵای لوبنانی
حزبوڵڵای لوبنانی

K24 - هەولێر:

حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی لە یادی عاشورادا هەڕەشەی دەستبڕینی لە ئیسرائیل کرد، ئەگەر دەستوەردان لە سەرچاوەی سامانە سرووشتییەکانی لوبنان بکات.

ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی جەختی لەوە کردەوە، کە "نەوت و گاز و ئاوی لوبنان بە هی (لوبنان) خۆی دەمێنێتەوە، رێگە بە کەسیش نادرێت سەروەت و سامانەکەی زەوت بکات".

حەسەن نەسروڵا گوتیشی: لە رۆژانی داهاتوودا، چاوەڕێی وەڵامی داواکارییەکانی حکومەتی لوبنان دەبین، پێتان رادەگەیەنم، ئێمە دەبێت ئامادەی هەموو ئەگەرێك بین.

قەیرانی دارایی، بێكاری و كێشەی ناوخۆیی، وایکردووە حکومەتی لوبنان هەوڵی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و زیادکردنی داهات بدات.

هەژموونی ئیسرائیلیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری بەسەر رێڕەوی بۆری نەوت و گاز لە ناوچەكەدا، رەنگە ببێتە گرفتێکی دیكە بۆ كەرتی وزەی لوبنان.

دوای وەستانی چەند مانگێک، پێشهاتەکانی پەیوەست بە مەلەفی سنووردارکردنی سنووری دەریایی نێوان هەردوو وڵات (لوبنان - ئیسرائیل) لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە خێراتر بوون.

ئەمەش دوای گەیشتنی کەشتییەکی بەرهەمهێنان و هەڵگرتن لە نزیک کێڵگەی گازی (کاریش)، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی دەرهێنانی غاز لێی. ئه‌م هه‌نگاوه‌‌ش وای له‌ به‌یرووت كرد داوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان به‌ ناوبژیوانی ئه‌مریكا بكات.

کاریش کێڵگەیەکی نەوت و گازی سرووشتی دەریاییە و دەکەوێتە 100 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی ئیسرائیلەوە لەسەر دەریای ناوەڕاست.