ئاوات شێخ جەناب: وەزارەتی دارایی لایه‌نێکى بەهێزی جێبەجێکردنى یاسای چاکسازییە

"وەزارەتى دارایی توانیویەتى داهاتى ناوخۆ زیادبکات و خەرجییەکان کەمبکاتەوە"
ئاوات شێخ جه‌ناب پێشوازی له‌ شاندێكی ئه‌مه‌ریكی كرد
ئاوات شێخ جه‌ناب پێشوازی له‌ شاندێكی ئه‌مه‌ریكی كرد

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزارەتەکەی توانیویەتی ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و داهاتی ناوخۆیان زیادکردووە و خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئابی 2022، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ هەریەک لە دێڤد کۆدڵ، بەرپرسی سیاسی له‌ به‌شی سیاسی و هيث بێڵى، سەرۆکی یەکەی ئابووری و سێث پاچ، سەرۆکی پێشووى یەکەی ئابووری، لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمه‌ریكا لە هەرێمی كوردستان کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و پرسى پیێکهێنانى کابینەى داهاتووى حکومەتى فیدڕاڵ، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

435

هەروەها، ئاوات جەناب نووری، باسی لەوە کرد، کە "یەکێک لە دەستکەوتەکانى وەزارەتى دارایی و ئابوورى لە کابینەى نۆیەم ئەوەیە، توانیویەتى ببێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ جێبەجێکردنى یاسای چاکسازى". بەگوێرەی قسەکانی وەزیری دارایی، توانیویانە داهاتی ناوخۆ زیادبکەن و خەرجییەکان کەمبکەنەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، شاندەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکا، پشتیوانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەربڕیوە و گوتوویانە "هاوکارێکى بەهێز دەبین بۆ بەرەو پێشبردنى تواناى فەرمانبەرانى وەزارەتى دارایی و ئابوورى".

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، داهاتی گومرگی لە 956 ملیارەوە بۆ یەک تریلیۆن و 691 ملیۆن دینار زیادبووە، هەروەها داهاتی باج لە 300 ملیار دینارەوە بۆ 796 ملیار دینار زیادی كردووه‌، بەبێ هیچ زیادکردن و دەستکاریکردنێکی رێژەی باج.