وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان: رێكاری هێنانه‌وه‌ی رووفاتی 171 ئه‌نفاكراو ته‌واوبووه‌

"گه‌ڕانه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا گرفتی بۆ دروست كراوه‌"
دیمەنی گۆڕە ئامادەكراوەكان بۆ ژماره‌یه‌ك رووفات.. ئه‌رشیڤ
دیمەنی گۆڕە ئامادەكراوەكان بۆ ژماره‌یه‌ك رووفات.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی عێراق كردووه‌، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوان، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ماوەیەكە لەلایەن كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، پرسیار دەكرێت لەبارەی روفاتی قوربانیانی تاوانەكانی ئەنفال كە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی باشوری عێراق زیندەبەچاڵ كرابوون.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەركی گەڕان بەشوێن چارەنووسی قوربانیانی ئەو تاوانانە و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دواتریش هەڵدانەوەیان لەچوارچێوەی تیمی نیشتمانی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق و هێنانەوەی روفاتی شەهیدەكانی بۆ كوردستان كردووه‌تە پێشینەی كارەكانی.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لەساڵی (2019) و لەكاتی دۆزینەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریكراوی لەناوچەی (تل الشیخیە)، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی وەزارەته‌كه‌یان بەهەماهەنگی دەزگای شەهیدانی عێراق تیمەكانیان ناردە شوێنی گۆڕەكان و بەشداربوون لەهەڵدادانەوەی گۆڕەكان و گواستنەوەی روفاتی (171)شەهیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشكی دادی بەغداد بەمەبەستی ئەنجامدانی شیكاری و گرتنەبەری رێكارە یاسایی و زانستییەكان و دواتر هێنانەوەیان بۆ كوردستان.

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان روونیكرده‌وه‌، بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بۆ ماوەیەك ئەو كارە دواكەوت و پاش رەوینەوەی ئەو پەتایە بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری پێویستی ئەنجامدرا بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی روفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان.

روونیشكرده‌وه‌، بۆ ئەم مەبەستەش جارێكی دیكه‌ شاندی وەزارەت و پزیشكی دادی هەولێر لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراقیان كرد و گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە كرا و بڕیاردرا لەماوەیەكی نزیكدا لە رێوڕەسمێكی شایستەدا ئەو ئەركە نیشتمانییە بگاتە ئەنجام.

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئاشكرایكرد، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك بە ناوی كەسوكاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لە گەڕاندنەوەی روفاتەكان دایە دەزگای شەهیدانی عێراق، كە رازی نین بەو رێكارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ هێنانەوەی رووفاتی شەهیدانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و شەهیدانی جینۆسایدكراو گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست كرد.

ئاشكراشیكرد، بۆ ئەم مەبەستە وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران كرد و تێیدا گفتووگۆی چڕوپڕ لەم بارەیەوە كرا و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو ڕوفاتانە دەكاتەوە، كە ژمارەیان (171) رووفاتە و هەموو ئامادەكاریەكیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبێت بۆ هێنانەوەی ئەو رووفاتانە.