له‌باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییه‌وه ئه‌وروپا داوای وه‌ڵامێكی خێرا له تاران ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
گفتوگۆكانی تایبه‌ت به دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، له كۆتایی نزیكه و ئه‌وروپییه‌كان ره‌شنووسێكیان ئاماده‌كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كان دوا بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، یه‌كێتی ئه‌وروپاش داوا له تاران ده‌كات به زووترین كات وه‌ڵامبداته‌وه.
پیته‌ر ستانۆ، گوته‌بێژی كۆمسیاری یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (9ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022) به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، "هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ گفتوگۆ نه‌ماوه".
كۆمسیاری یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه، داوایكرد (به به‌ڵێ یاخود نه‌خێر) وه‌ڵامی ره‌شنووسه‌كه بدرێته‌وه و به زووترین كات بڕیاربده‌ن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه تاران رایگه‌یاند، خه‌ریكن ره‌شنووسه‌كه تاوتوێبكه‌ن، كه له 25 لاپه‌ڕه پێكهاتووه.
پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی یەكێتی ئەوروپا بڵاویكردبوویه‌وه، گفتوگۆكانی ڤییەنا كۆتاییان پێھات و یەكێتی ئەوروپا رەشنووسێكی ئامادەكرد، بۆ ئەوەی لایەنەكان واژووی له‌سه‌ر بكەن و رێككەوتنی ئه‌تۆمی لەگەڵ ئێران زیندووبكرێتەوە.
واشنتن له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاندبوو، رەشنووسەكەی یەكێتی ئەوروپا تاكە بژاردەیە بۆ ئەوەی رێككەوتنی لەسەربكرێت.
میخائیل ئۆلیانۆڤ، نوێنەری رووسیا لە دانووستانه‌كان، پێی وایە تەنیا 5 چرکە تا پێنج خولەک ماوە، بۆ ئەوەی ئێران و ئەمه‌ریکا بگەنە رێككه‌وتنی کۆتایی.
ئێنریکێ مۆرا، رێکخەری دانوستانەکانە، سەبارەت بە رێککەوتنی ئێران و ئه‌مه‌ریكا زۆر گەشبینه و بە ئاژانسی ئێرنای ئێرانی راگەیاند، دانوستانەکان بەرەو پێش دەچن و چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێ بە خێرایی کۆتای‌یان پێبێت.
حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە په‌یوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوایکردبوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، کێشەکانی لەگەڵ ئێران لە رێگای تەکنیکییەوە چارەسەر بکات و لە هەڵوێستی نابنیاتنەری سیاسی، خۆی بە دووربگرێ.
دانووستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمه‌ریکا لە ڤییەنا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و لایەنەکان بە گەشبینییەوە باس لە ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمه‌ریکا دەکەن.
کۆتایی مانگی حوزه‌یران/ یۆنیۆی رابردوو لە ده‌وحە، شاندی ئەمه‌ریکا و ئێران بە نێوەندگیری یەکێتی ئەوروپا، سەبارەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئه‌تۆمی کۆبوونەوە، بەڵام گفتوگۆکان بێ ئەنجامبوون.
له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن له ساڵی 2018 تاكلایه‌نانه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران كشایه‌وه، سزاكانی به‌سه‌ر ئێران‌دا قورستركرد.
به گوێره‌ی زانیاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئێران له ئێستادا ئه‌و بڕه مادده ئه‌تۆمییه‌ی به‌رده‌سته بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كی وێرانكه‌ر دروست بكات، ماوه‌كه‌ی ناگاته دوو ساڵ.