کازمی گەیشتە مووسڵ

بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانە دادەنێت
.
.

K24 – هەولێر

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە مووسڵ و بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی مووسڵ دادەنێت.

پەیامنێری کوردستان24 لە مووسڵ رایگەیاند: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10/8/2022، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێک گەیشتە شاری مووسڵ، لەلایەن نەجم جبووری پارێزگای نەینەوا و بەرپرسانی دیکەی شارەکە پێشوازی لێکرا.

گوتیشی: لەو سەردانەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی فڕۆکەخانەی مووسڵ دادەنێت کە بەهۆی شەڕی داعش زیانی بەرکەوتووە.

بەهۆی شەڕی داعش زۆربەی باڵەخانە و شوێنە گشتییەکانی مووسڵ داڕوخاون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوە هەیە، خەڵکی شارەکەش گلەیی لەوە دەکەن، دوای شەڕی داعش ئاوڕی جددی لە مووسڵ نەدراوەتەوە.

فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 1920 لەسەر رووبەری پێنج کیلۆمەتر چوارگۆشە لەلایەن هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیاوە بەردی بناغەی دانراوە، دوای دوو ساڵ لە ساڵی 1922 فڕۆکەخانەی مووسڵ کرا بە فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی.

بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵ، بڕی 260 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و لە ماوەی 24 مانگ نۆژەن دەکرێتەوە و پڕۆژەکە لەلایەن دوو کۆمپانیای تورکی جێبەجێ دەکرێت.

لە 10/6/2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و هێزەکانی عێراق پاشەکشەیان کرد، لە ماوەیەکی کەمدا شارەکە کەوتە ژێر دەستی داعش، کە ئەم رۆژە بە رۆژی " کەوتنی مووسڵ" ناودەبرێت. دوای سێ ساڵ حوکمی داعش لەو شارە، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ بە بەشداری سوپای عێراق و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و بە پشتیوانی و هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکرد، لە 10ی تەممووزی 2017 ئازادکردنی مووسڵ لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق راگەیەندرا، بەڵام دوای ئەو وادەیەش شەڕی داعش لە چەند ناوچەیەکی شارەکە بەردەوام بوو.

.
.