لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بڕیار دەدرێت

لایەنە سیاسییەکان بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

بڕیارە ئەمرۆ لە سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان، سەرکردەی حزبەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە. ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە قسەکردنە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و چارەسەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان لە عێراق، بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و پێشتر پێشنیازی کردبوو، سەرەتای مانگی ئاداری داهاتوو وەک وادەی هەڵبژاردن دیاربکرێت.

لە ماوەی رابردوودا لایەنە سیاسسیەکانی کوردستان چەند جارێک بە ئامادەبوونی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دیارکردنی وادەی هەڵبژاردن کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

لە 24ی شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كردبوو، بڕیاریدا رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2022 هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر دواخستنی وادەکە و یاسای هەڵبژاردنەکە دەکرێت.