تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند

وەزارەتی بەرگری تورکیا لەماوەی هەفتەیەکدا کوژرانی سێ سەربازی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ئاشكراكرد
سه‌ربازێكی توركیا.. ئەرشیڤ
سه‌ربازێكی توركیا.. ئەرشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، سەبازێکی دیکەیان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کوژراوە، بەوەش ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا کە لە هەفتەیەکدا لە ناوچە سنوورییەکان کوژران، گه‌یشته‌ 3 کەس.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیای بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوەدراوە، مستەفا دەمیر بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی پەکەکەوە لە رۆژی شەشی ئەم مانگەدا برینداربووە و دوای چەند رۆژێک، لە وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە گیانی لەدەستدا.

ئۆپراسیۆنی "چنگ-قفڵ" لە رۆژی 18ی نیسانی 2022 ەوە بۆسەر چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، لە ئەنجامی پێکدادان و شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا بەشێک لە گوندە سنوورییەکان چۆڵکراون.

لەماوەی هەفتەیەکدا ئەمە سێیەم سەربازی تورکیایە، کە لەناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کوژراون، رۆژی 6ی ئابی 2022 وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژرانی ئەرگین رەشاد سەربازی وڵاتەکەی بە گوللـەی چەکدارانی پەکەکە راگەیاند، هەروەها رۆژی 9ی ئابی 2022، گیانلەدەستدانی خەلیل کۆچ راگەیەندرا، کە شەش رۆژ پێشتر بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە بریندار ببوو.