کۆریای باکوور سەرکەوتنی بەسەر کۆڤید-19ـدا راگەیاند

"ئەو سەرکەوتنەی گەلەکەمان بەدەستی هێنا، رووداوێکی مێژووییە"
کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور
کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور

K24 - هەولێر:

کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر کۆڤید-19 راگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدا خوشکەکەی ئەوەی ئاشکراکردبوو، کە کیم تووشی هەڵامەت بووە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور (KCNA)، کیم لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی زانایان و کارمەندانی تەندروستی، "سەرکەوتنی لە شەڕی دژی کۆڤید-19" راگەیاند.

کیم یۆ جۆنگ، تاکە خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆریای باشووری بە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکە لە وڵاتەکەدا تاوانبار کرد. 

کۆریای باکوور، ئەو وڵاتەی بەردەوام لە هەموو جیهان خۆی جیاکردووتەوە و خەڵکەکەی لە هەموو بەرکەتنێك لەگەڵ جیهانی دەرەوە دابڕاون، لە مانگی ئایاری 2022 بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن (گۆڕاوێکی کۆرۆنا)ـی لە پیۆنگیانگ، پایتەختی وڵاتەکەی راگەیاند.

حکومەتی کۆریای باکوور لە راپۆرت و ئامارەکانی تووشبوواندا، "تووشبووانی کۆرۆنا" بە "تووشبووانی هەڵامەت" ناودەبات، ئەمەش بەهۆی نەبوونی توانای تاقیکردنەوە و پشکنینی پێویست.

بە گوێرەی میدیای فەرمی حکومەت، نزیکەی 4.8 ملیۆن تووشبووی "هەڵامەت" لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش تەنیا 74 حاڵەتی مردن هەبووە، بەپێی ئەو داتایەش رێژەی مردن لەو وڵاتە لە سەدا 0.002 بووە، هەروەها لە 29ـی تەمووزەوە هیچ تووشبوویەکی نوێ تۆمار نەکراوە.

سەرۆکی وڵاتەکە مامەڵەکردنی وڵاتەکەی لەگەڵ پەتاکە بە "موعجیزەیەكی بێ وێنە لە مێژووی تەندروستی گشتی جیهاندا" ناودەبات و دەڵێت، ئەو سەرکەوتنەی گەلەکەمان بەدەستی هێنا، رووداوێکی مێژووییە.