دانەگاز: هێرشە مووشەکییەکان رێگر نەبوون لەبەردەم فراوانکردنی کارەکانمان

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیای دانەگاز 111 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە
کێڵگەی غازی کۆرمۆر
کێڵگەی غازی کۆرمۆر

K24 - هەولێر

پوختەی قازانجی کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی %82 بۆ 111 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.

کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیەندراوێکدا کار و چالاکییەکانی نیوەی یەکەی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز قازانجی کۆمپانیاکە زیادیکردووە، سەرەڕای باشکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی تێچووی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەداوە، 180 ملیۆن دۆلاریان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ وەک شایستەی کارەکانیان وەرگرتووە، کە 135 ملیۆن دۆلاری لە هەرێمی کوردستان و 45 ملیۆن دۆلاریشی لە میسر بووە.

لە راگەیاندراوی کۆمپانیاکەدا هاتووە، سەرەڕای هێرشەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بێ پچڕان لە کارەکانیان بەردەوام بوونە، ئاستی بەرهەمهێنانیان بە گشتی بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2021 بە رێژەی 1% زیادیکردووە. هەروەها لە پڕۆژەی فراوانکردن و پەرەپێدانی کۆرمۆر250 بەرەوپێشچوونی باشیان تۆمارکردووە. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ یەکەم بیری پەرەپێدان هەڵکەندراوە. سەرەڕای وەستانی کاری ئەندازیاری و هەندێک پڕۆسەی دیکە لە مانگی حوزەیراندا بەهۆی هێرشەکان، بەڵام بە هەمانگی لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکان دۆخەکەیان چارەسەر کردووە لە کارکردن بەردەوامن.

هەروەها داهاتی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی 31% بۆ 284 ملیۆن دۆلار بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردووی بەرزبووەتەوە. لە بەرامبەردا خەرجییەکانی کۆمپانیاکەش بە رێژەی 16% دابەزیوە.

دانەگاز کۆمپانیایەکی هەرێمییە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی 2005 دامەزراوە و لە بازاڕی ئەبوزەبی بۆ کاغەزە داراییەکان تۆمارکراوە. ئەو کۆمپانیایە لە ئیمارات و هەرێمی کوردستان و میسر کاردەکات.