كه‌ریم بێنزێما ناوی له‌ ریزی 10 گرانبه‌هاترین یاریزانه‌كانی لالیگادا نییه‌

كه‌ریم بێنزێما و ڤینسۆس جۆنیۆر
كه‌ریم بێنزێما و ڤینسۆس جۆنیۆر

بەبۆنەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی لالیگا، ماڵپەری ترانسفێرمارکێت بەهای گرانترین یاریزانەکانی خولەکەی بڵاوکردەوە و لە کۆی 10 گرانبەهاترین یاریزانەکانی ئەو خولە، هەشت یاریزان لە ریزەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا یاریی دەکەن، ڤینیسیۆس جونیۆریش گرانترینە و کەریم بێنزێماش لە لیستەکەدا نیە.

لە ریزبەندی 10 لە گرانبەهاترین یاریزانەکانی لالیگا، هەشت یاریزانیان لە ریزەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنان، ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری شاهانەکان بەهاکەی بە 100 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە، ئەو یاریزانە لاوە سەرەتای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی ریال مەدرید، بەهاکەی تەنها 35 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بە تایبەت وەرزی رابردوو، بەهاکەی بەشێوەیەکی بەرچاوە بەرزبووەوە.

پێدری ناوەڕاستکارە لاوەکەی بارسێلۆنا بە 80 ملیۆن یۆرۆ پلەی دووەمی ریزبەندیەکەی گرتووە، ئەو یاریزانە ئەگەر پێکانە ناوەختەکەی وەرزی رابردووی نەبووایە، لەوانەیە ئێستا بەهاکەی سنووری 100 ملیۆن یۆرۆی تێپه‌ڕاندبا، بەڵام ئەو پێکانە وایکردووە کە ناوەڕاستکارە لاوەکەی بارسا بەهاکەی نەگات بە 100 ملیۆن یۆرۆ و لە دوای ڤینیسیۆسەوە بێت.

فیدێریکۆ ڤالڤێردی ناوەڕاستکارە لاوەکەی هەڵبژاردەی ئۆرگوای و یانەی ریال مەدرید، لە پلەی سێیەم دێت و بەهاکەی ئەو یاریزانەش 70 ملیۆن یۆرۆیە، ئەو یاریزانە سێ ساڵ لەمەوبەر بەهاکەی تەنها شەش ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام دوای ئەو سێ ساڵە توانی سنورێکی خەیاڵی تێپەڕێنێت.

جواو فێلێکس هێرشبەرە لاوەکەی یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدرید، هەرچەندە بەرامبەر 120 ملیۆن یۆرۆ گواستراوەتەوە ریزەکانی یانە مەدریدیەکە، بەڵام ئەو یاریزانە دوای دابەزینی ئاستی لە وەرزەکانی رابردوو، بەهاکەی لەدەستداوە و ئێستا بە 70 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی چوارەمی گرانبەهاترین یاریزانەکانی لالیگا دێت.

لە پلەی پێنجەمیش تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزە پۆڵایینەکەی یانەی ریال مەدرید دێت. کۆرتوا لە ساڵی 2018 پەیوەندی بە مێرنگی کردووە و لەو کاتەوە بەهاکەی زۆر بەرز و نزمی بینیوە و دوا خەمڵاندیشی 60 ملیۆن یۆرۆیە.

لە پلەکانی شەشەم تاوەکو دەیەمیش ئێدێر میلتاو، گاڤی، کوندێ، دی یۆنگ و ئۆیارزابال دێن و بەهاکەی سەرجەم ئەو چوار یاریزانانەش 60 ملیۆن یۆرۆیە.