واشنتن: ئاماده‌ین به زووترین كات بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی
"ناچینه ناو هیچ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی نیشتمانیمان نه‌بێت"
K24 - هه‌ولێر:
گفتوگۆكانی تایبه‌ت به دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، له كۆتایی نزیكه و ئه‌وروپییه‌كان ره‌شنووسێكیان ئاماده‌كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كان دوا بڕیاری له‌سه‌ربده‌ن، داوا له تارانیش كراوه به زووترین كات وه‌ڵامبداته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، ئاماده‌ن به زووترین كات بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.
له میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 11ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022) ئاماژه به‌وه ده‌كات، ناچنه ناو هیچ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی نیشتمانیان نه‌بێت.
پێشتریش تاران رایگه‌یاندبوو، خه‌ریكن ره‌شنووسه‌كه تاوتوێده‌كه‌ن، كه له 25 لاپه‌ڕه پێكهاتووه.
هه‌روه‌ها ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی یەكێتی ئەوروپا بڵاویكردبووه‌وه، گفتوگۆكانی ڤییەنا كۆتاییان پێھات و یەكێتی ئەوروپا رەشنووسێكی ئامادەكرد، بۆ ئەوەی لایەنەكان واژووی لهسهربكەن و رێككەوتنی ئه‌تۆمی لەگەڵ ئێران زیندووبكرێتەوە.
واشنتن له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاندبوو، رەشنووسەكەی یەكێتی ئەوروپا تاكە بژاردەیە بۆ ئەوەی رێككەوتنی لەسەربكرێت.
حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە په‌یوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوایکردبوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، کێشەکانی لەگەڵ ئێران لە رێگای تەکنیکییەوە چارەسەربکات و لە هەڵوێستی نابنیاتنەری سیاسی، خۆی بە دووربگرێ.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه محه‌مه‌د عه‌لی شه‌عبانی، رۆژنامه‌نووسێكی ئێرانه و نیشته‌جێیی له‌نده‌نه، رایگه‌یاند، سێبه‌ری دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا له‌م گه‌ڕه‌ی گفتوگۆكانی تایبه‌ت به دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی نادیاره، هه‌ربۆیه تاران داواكارییه ئابوورییه‌كانی خسته‌به‌رده‌م جۆ بایدن.
شه‌عبانی پێیوایه ئه‌گه‌ر ئێران ئه‌و ره‌شنووسه واژوو بكات، به ده‌یان ملیار دۆلار، داهاتی نه‌وت و غازی دوو ساڵی رابردوویان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ده‌بێته به‌هێزكردنی دۆخی ئابووری ئه‌م وڵاته و پێگه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسیش له‌ناوخۆ به‌هێزده‌بێت.
له ئێستادا ئێران داوای ئه‌وه ناكات واشنتن سوپای پاسداران له لیستی تیرۆر ده‌ربكات، چونكه له‌م قۆناغه‌دا پێویستی به‌و خاڵه نییه.
کۆتایی مانگی حوزه‌یران/ یۆنیۆی رابردوو لە ده‌وحە، شاندی ئەمه‌ریکا و ئێران بە نێوەندگیری یەکێتی ئەوروپا، سەبارەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئه‌تۆمی کۆبوونەوە، بەڵام گفتوگۆکان بێ ئەنجامبوون.
له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن له ساڵی 2018 تاكلایه‌نانه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران كشایه‌وه، سزاكانی به‌سه‌ر ئێران‌دا قورستركرد.
به گوێره‌ی زانیاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئێران له ئێستادا ئه‌و بڕه مادده ئه‌تۆمییه‌ی به‌رده‌سته بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كی وێرانكه‌ر دروست بكات، ماوه‌كه‌ی ناگاته دوو ساڵ.