سه‌در په‌یامێك ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كرد

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در

K24 – هه‌ولێر:

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌د، كه‌ خۆی به‌ نه‌وه‌ی پێشه‌وا حوسێن ناوبردووه‌، په‌یامێكی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئێمه‌ و جه‌ماوه‌ری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ باره‌ی بوونی گه‌نده‌ڵی و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ وڵات جیاوازیمان نییه‌، به‌ڵام جیاوازین له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یان.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: زۆر پێم سه‌یره‌ جه‌ماوه‌ری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پشتیوانی ئێمه‌ ناكه‌ن بۆ رزگاركردنی نیشتمان و دیلبوونی به‌ ده‌ست داگیركه‌ر و تیرۆر و گه‌نده‌ڵی. بۆیه‌ با خۆپیشاندانتان بۆ سه‌رخستنی چاكسازی بێت، نه‌ك شكۆی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و حكومه‌تانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ بێ سوود فه‌رمانڕه‌وایی عێراق ده‌كه‌ن. ئایا ئێوه‌ كه‌رامه‌ت و ئازادی و ئاسایش و پارووی ژیان و سه‌لامه‌تی و چاكسازیتان ناوێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داوای ده‌كه‌ین.

سه‌در ئه‌وه‌یشی نووسیوه‌: بۆ به‌هره‌ له‌ پێشه‌واتان حوسێن وه‌رناگرن له‌ باره‌ی چاكسازیی و رووخانی ده‌وڵه‌تی یه‌زید، نه‌ك پاراستنی شكۆی. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئه‌م داوایه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وا؛ بزانن كاتێك ئێوه‌ خۆپیشاندانتان كرد و مانتان گرت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێتان ده‌وت ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردن، ئێمه‌ نه‌مانویست خۆپیشاندان بكه‌ین و مانبگرین هاوكات له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌مانتوانی ئه‌و كاره‌ بكه‌ین.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شیدا سه‌در نووسیویه‌تی: ئه‌گه‌ر بڕیارتان دا خۆپیشاندان بكه‌ن هاوكاتی خۆپیشاندانی چاكسازی، ئه‌وا با خۆپیشاندانه‌كه‌تان ئاشتیانه‌ بێت و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی بپارێزن. عێراق له‌ هه‌موو ناو و نازناوێكی دیكه‌ گه‌وره‌تره‌. ده‌ستی دۆستایه‌تیمان بۆ جه‌ماوه‌ری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی درێژ ده‌كه‌ین نه‌ك بۆ سه‌ركرده‌كانی، ده‌مانه‌وێت چاكسازی بكه‌ین له‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی تێدا كراوه‌، له‌سه‌ر رێبازی پێشه‌وا حوسێن سڵاوی خوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بێت ده‌ڕۆین. رێبازمان رێبازی مه‌رجه‌عه‌كه‌مانه‌. ئه‌گه‌ریش ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وا ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ هه‌وڵی چاكسازانه‌مان و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی خودا و خۆشه‌ویستیمان بۆ سه‌روه‌ری چاكسازی و خۆشه‌ویستیمان بۆ نیشتمان هه‌یه‌. سڵاو له‌وانه‌ی شوێن چاكسازی ده‌كه‌ون.