عەبادی بۆ خۆپیشاندەران: رووبەڕووی گەندەڵکاران ببنەوە تەنانەت ئەگەر لە کەسوکاری منیش بن

"ئێمە دەوڵەتێکی دادپەروەر و خزمەتکردنی خەڵکیمان دەوێت"
حەیدەر عەبادی
حەیدەر عەبادی

K24 - هەولێر:

حەیدەر عەبادی پەیامێك ئاراستەی لایەنگرانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات و داوایان لێدەکات، رووبەڕووی گەندەڵکاران ببنەوە تەنانەت ئەگەر لە کەسوکاری ئەویش بن.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە تویتێکدا نووسیویەتی: داوا لە نیشتمانپەروەران و لایەنگرانی هەردوو رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەم، هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و پێکەوە کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بکەن، تەنانەت ئەگەر لە کەسوکاری منیش بن.

لە تویتەکەی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقدا هاتووە، "ئێمە دەوڵەتێکی دادپەروەر و خزمەتکردنی خەڵکیمان دەوێت، لە دادپەروەریدا بەرفراوانی هەیە، بەڵام بژێوی، بەرژەوەندی و ئاسایشی هاونیشتیمانیان سنووردار نەکەن، لە موڵکی گشتی و تایبەتیش دووربکەونەوە."

جگە لە خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر، ئەمڕۆ هەینی له‌سه‌ر داوای لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی خۆپیشاندان له‌ به‌غدا دەستیپێکرد. وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ رێگرتن له‌ خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌كه‌، حكومه‌ت ده‌ستیكردووه‌ به‌ درووستكردنی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌و رێگایانه‌ی ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ میدیاییه‌كان، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ چڕی له‌ سه‌ر رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وز بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و پردی سه‌ره‌كی گه‌یشتن به‌ ناوچه‌ی سه‌وزیان داخستووه‌.