جۆن بۆڵتن بۆ کوردستان24: پێویستە هەڵوێستی واشنتن دژی تاران بەهێزتر بێت

"حکومەتی ئێران نوێنەرایەتی خەڵکەکەی ناکات"
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەڵێت، بەهۆی "پاڵپشتییەکانی لە تیرۆر"، ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە و پێویستە هەڵوێستی واشنتنیش دژی تاران بەهێزتر بێت.

جۆن بۆڵتن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، کە سبەی شەممە کاتژمێر 9:30 خولەکی شەو پەخشدەکرێت، لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران و پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی دەڵێت، کێشەکە چارەسەرنابێت تاوەکو حکومەتێکی نوێ لە ئێران دروستنەبێت.

راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، رایگەیاند، ئێران هیچ جۆرە بڕیارێکی ستراتیژی بۆ بەدواداچوون بۆ چەکی ئەتۆمی نەداوە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێت گەمارۆ ئابوورییەکانیان لەسەر لابدرێت.

جۆن بۆڵتن پێیوانییە ئێران واز لە بەدواداچوون بۆ چەکی ئەتۆمی بهێنێت، هەربۆیە دەڵێت، ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە، نەك تەنیا بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵکو بەهۆی "پاڵپشتییەکانی بۆ تیرۆر" و پێویستە هەڵوێستی واشنتنیش دژی تاران بەهێزتر بێت.

جۆن بۆڵتن بەمجۆرە باسی لە کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کرد، "پێموایە شتێکی راست بوو، کە خۆمان بکشێنینەوە و گەمارۆ بخەینە سەر ئێران و هەوڵ بۆ ئەو شتە بدەین کە بە ئەوپەڕی فشارەوە ناوی دەبەین".

سەبارەت بە گۆڕینی حکومەتی ئێران، جۆن بۆڵتن راشیگەیاند، ئەمەریکا بەدواداچوونی بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران نەکرد، کە دەبوو بیکردایە، کێشەکە چارەسەر نابێت، تاکو حکومەتێکی نوێ لە ئێران دروست نەبێت، حکومەتێک کە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران بکات "نەك ئایەتوڵاکان".

جۆن رۆبێرت بۆڵتن (تەمەن 73 ساڵ) پارێزەر، دیپلۆماتکار، راوێژکارێکی کۆمارییەکان و شرۆڤەکارێکی سیاسییە. لە ساڵی 2005 تا 2006 وەک 25ەمین باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە، هەروەها لە 2018 تا 2019 وەک 26ەمین راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کاری کردووە.