دانیشتووانی "پایتەختی ئابووری عێراق" بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن

K24 - بەسرە
هاووڵاتییانی بەسرە رایدەگەیەنن، لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بێبەشن و داوای گۆڕانكاری دەكەن، نێردراوی كوردستان24 لە بەسرە چووەتە یەكێك لە گەڕەكەكان و قسەی لەگەڵ چەند هاووڵاتییەك كردووە باسی كێشە و گرفتەكانییان دەكەن و شارەكەیان بە وێرانە ناودەبەن.
ئەبو تێبە، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەسرەیە، زیاتر لە 10 ساڵە لە گەإڕەکێکی شارەکە نیشتەجێێە، رۆژانە دیمەنی زبڵ و چڵکاوی گەڕەکەکەیان دەبینێت، وەكخۆی دەڵێت: بەرپرسان بۆ جارێكیش گەڕەکەکەی ئەوانیان نەبینیووە، ئەو چالاكوانێكی بەسرەیە و لە ساڵی 2018 بۆ ماوەی 40 رۆژ بەشداری خۆپێشاندانەكانی كردووە و داوای گۆڕانكاری و ژیانێكی باشتری كردووە.
ئەبو تێبە، بە کوردستان24ی گوت: "ئازارەكانمان زۆرن، لەكوێوە دەستپێبكەم؟ لە رووی تەندروستی یان كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ،، بەسرە ئێستا وێرانەیە، نەوت و غاز، دەربەند و دەروازە و باج و چەندین سەرچاوەی دیكەی داهاتمان هەیە، بەڵام بۆ كوێ دەچێ؟ من پێت دەڵێم بۆ حزبەكان و میلیشیاكان دەڕوات كە لە بەسرە دەسەڵاتدارن و لەنێوان خۆیان بەشی دەكەن، هاووڵاتیانیش سەیریان دەکەن".
گەڕەكی زراعە-ی بەسرە، یەكێك لە شوێنە هەژارنشینەكانی بەسرە، زیاتر لە دوو هەزار خێزانی لێ نیشتەجێیە و ژیانێكی سەخت بەڕێدەكەن. هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکەکە بەناوی عەلی حوسێن دەڵێت: ژیان زۆرقورسە، رۆژێك ئیش هەیە و دە رۆژ نییە، ویستم مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەربكەم بۆیان نەكردم، چونكە واستەم نەبوو، رۆژانە جاری وا هەیە پێنج یان دە هەزار پەیدا دەكەم لە بازاڕ لەوە زیاترمان نییە".
دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکە بەناوی ناسر عەباس، ئاماژەی بەوەدا: "بەم بێ كارییە هەر خێزانێك 10 هەزار دینارمان كۆكردەوە محاویلەی كارەبامان كڕیووە، ئەی حكومەت لەكوێیە؟ ئێمە پارەیان بۆخەرج بكەین؟ یان پێویستە ئەوان بۆ ئێمەی خەرج بكەن؟ ئێمە مافمان لای دەوڵەتە ئەو نەوتەی ئێمە هەمانە هەموو عێراق بەڕێوە دەبات".
بەسرە پایتەختی ئابووری عێراق، بەرهەمی رۆژانەی نزیكەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتە، بەڵام زۆرینەی هاووڵاتییان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بێبەشن.