مۆنتینیگرۆ.. 11 كه‌س به‌هۆی ته‌قه‌ی هێرشبه‌رێك كوژران

هێرشبه‌ره‌كه‌ سه‌ره‌تا ته‌قه‌ی له‌ خێزانه‌كه‌ی خۆی كردووه‌
6 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون
6 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون

K24 - هه‌ولێر:

لە شاری سەتینیی مۆنتینیگرۆ، هێرشبەرێک تەقەی لە خێزانەکەی خۆی کرد، دواتر تەقەی لە پۆلیس و چەند کەسێکی دیكه‌ش کرد و لە ئاکامدا 11 کەس کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن پۆلیسی سەتینیی-ەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکراکراوە، هێرشبەرەکە (تەمەن 34 ساڵ) تەقەی لە خەڵکێکی زۆر کردووە کە لەنێویاندا منداڵ و ئەفسەرانی پۆلیسیش هەن.

56

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە رووداوەکەدا 11 کەس کوژراون و شەشی دیکەش برینداربوون، ئاماژە بەوەشکراوە، کە هێرشبەرەکە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس کوژراوە.

میدیا ناوخۆییەکانی مۆنتینیگرۆ بڵاویانکردەوە، هێرشبەرەکە دوای دەماقاڵێ لەگەڵ خێزانەکەیدا، سەرەتا تەقەی لە خێزانەکەی خۆی کردووە و دواتر تەقەی لە کەسانی چواردەوری خۆشی کردووە.

54

دریتان ئابازۆڤیچ، سەرۆک وەزیرانی مۆنتینیگرۆ، گوتی: "داوا لە هەموو هاووڵاتیانی مۆنتینیگرۆ دەکەم هاوخەمی و پشتیوانی خۆیان بۆ خانەوادە و کەسوکارانی قوربانییە بێتاوانەکان دەربڕن. پێشتر مۆنتینیگرۆ کارەساتێکی لەو شێوەیەی بەرسەردا نەهاتووە".

45

مۆنتینیگرۆ ده‌كه‌وێته‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ سربیا و بۆسنه‌ و كۆسۆڤۆ و ئه‌لبانیا، له‌ رۆژئاواش‌ ده‌ریای ئه‌دریاتیكی ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌و وڵاته‌ و ئیتاڵیا، ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی 621 هه‌زار كه‌سه‌ و پایته‌خته‌كه‌ی "بودغوریستا"یه‌، كه‌ گه‌وره‌ترین شاره‌ له‌و وڵاته‌.

مۆنتینیگرۆ پێشتر به‌شێك بووه‌ له‌ یوگسلاڤیا، به‌ڵام دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یوگسلاڤیا، كۆماری سربیا و مۆنتینیگۆری كۆنفیدراڵی درووست بوو، له‌ ساڵی 2006دا ریفراندۆمێكیان ئه‌نجام دا و مۆنتینیگرۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆی راگه‌یاند و ئێستا ئه‌ندامی په‌یمانی ناتۆیه‌.