ژمارەیەک کۆچبەری دیکەی کورد بێسەروشوێن بوون

زۆربەی سەرنیشینانەی ئەو یەختەی لە دوورگەی یۆنان تێکشکاوە کوردن
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – رانیە

لە کۆی 93 کۆچبەر کە رۆژی چوارشەممە 11/8/2022 یەختەکەیان لە نزیک دوورگەیەکی یۆنان نقوم بوو تەنیا 29 دەربازیان بووە ئەوانی دیکە بێسەروشوێنن. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا دەڵێت: زۆرینەی کۆچبەرەکان کوردن و یەختەکەش ھی راوە ماسی بووە و زیاد لە پێویستیخۆی سەرنشینی بارکردووە و ھیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان ھێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرانەی چوارشەممەی رابردوو لە ئاوەکانی نێوان توکیا و یۆنان یەختەکەیان  نقوم بوو نادیارە، کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ئاشکرای دەکات زۆرینەیان کوردن بە یەختێک کە ھیچ لە مەرجەکانی سەلامەتی تێدا نەبووە لە ئەنتاڵیاوە بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتووە و لە نزیک دورگەی کارپاتۆسی یۆنان تێکشکاوە .

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو یەختەی کۆچبەرەکانی لێ بارکراوە یەختی راوەماسی بووە و ماتۆڕدارە نەک چارۆکەدار، ئەوەش یەختێکی سەلامەت نییە و زیاد لە پێویستی خۆشی کۆچبەری بارکردووە. کۆچبەرەکان ژمارەیان 93 کەس بووە، تا ئێستا ئەوەی ئێمە زانیاریمان ھەیە تەنھا 29 کەس رزگاریان بووە و ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە".

ئەمە لەکاتێکدایە ھێشتا زۆرێک لەو کۆچبەرە کوردانەی پارساڵ لە ئاوەکانی دەریای ئیجە و کەناڵی ئینگلیز بەلەمەکانیان نقوم بوو چارەنووسیان دیار نییە. بەشێکیان تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و گەڕێندراونەتەوە، بەڵام 27 کەس لەوانە نە بەزیندوویی نە بە مردوویی ھیچ زانیاری لەبارەیانەوە نییە.